کۆمپانیاکانی دانە غاز و نەوتی هیلال وەڵامی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدەنەوە

کۆمپانیاکانی دانە غاز و نەوتی هیلال لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامی ڕاگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدەنەوە سەبارەت بە فرۆشتنی غاز بە حکومەتی عێراق و ڕایدەگەیەنن، ڕاگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێم تووشی سەرسوڕمانی کردوون.

ئەمڕۆ هەینی کۆمپانیاکانی دانە غاز و نەوتی هیلال دەربارەی فرۆشتنی غاز بە حکومەتی عێراق ڕایانگەیاند،  لە سەرەتای ئەمساڵەوە حکومەتی هەرێمی کوردستانمان لە فرۆشتنی غاز ئاگادار کردووەتەوە و ئاگاداری تەواوی وردەکارییەکانی ڕێککەوتنی فرۆشتنی غاز بووە بە وەزارەتی کارەبای عێراق.

ئەوەشی خستەڕوو کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تەواوی ئاگاداری فرۆشتنی غاز بووە بە وێستگەی کارەبای کەرکووک و  دابینکردنی غاز بۆ وێستگەی کارەبای کەرکووک بەپێی بەندەکانی گرێبەستەکانیان بووە.

ڕاشیگەیابد کە کۆپییەکی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ حکومەتی عێراق ڕادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام ڕێککەوتنەکە پێویستی بە ڕەزامەندی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەبووە.

کۆمپانیاکانی دانە غاز و هیلال جەختیان لەوەشکردووەتەوە کە ڕاگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێگەی سەرسوڕمانیان بووە، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم لە سەرەتاوە لەسەر هێڵ بووە و ئاگاداری تەواوی پرۆسەکە بووە.

ئەمەش دوای ئەوە هات کە دوێنێ پێنجشەممە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی فەرمیی خۆی لەسەر دابینکردنی غازی سروشتی لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بۆ وەزارەتی کارەبای عێراق لەلایەن هەردوو کۆمپانیای (دانا غاز) و (کرێسنت پترۆلیۆم) ڕاگەیاند. حکومەتی هەرێم ئەم هەنگاوەی کۆمپانیاکانی بە “بڕیاری تاکلایەنانە و پێشێلکاریی گرێبەست” ناوبرد و تێیدا ڕەتیکردەوە کە هیچ ڕەزامەندییەکی لەسەر ئەم پڕۆسەیە دابێت.

دەقی فەرمیی ڕاگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

لە 4ی ئابی 2026، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن هەردوو کۆمپانیای کرێسنت پترۆلیۆم و دانا غاز، کە کارپێکەری هاوبەشی کێڵگەی کۆرمۆرن، ئاگادارکرایەوە کە دەستیان کردووە بە دابینکردنی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ وەزارەتی کارەبای عێراق بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا. حکومەتی هەرێم ئەم ئاگادارکردنەوەیەی تەنها لە کاتی ڕاگەیاندنی فەرمی کۆمپانیاکاندا پێگەیشت.وەک قەوارەیەکی دەستووری و دانەبڕاو لە کۆماری فیدراڵیی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە پابەند بووە بە بەهێزکردنی ئاسایشی وزە لە هەرێمی کوردستان و عێراق. ئەم ئامانجەی لە ڕێگەی وەبەرهێنانی گەورە لە ژێرخانی وزە و خستنەگەڕی ئەو ژێرخانە بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی هەموو عێراقییەکانی کردووە. حکومەتی هەرێم هەرگیز دژی دابینکردنی غاز یان کارەبا بۆ هیچ بەشێکی عێراق نەبووە ، بەو مەرجەی ئەو جۆرە ڕێکخستنانە بە پابەندبوونی تەواو بە چوارچێوەی گرێبەستە کارپێکراوەکان و بە ڕەزامەندیی حکومەتی هەرێم وەک لایەنی گرێبەستکار ئەنجام بدرێن.

حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی پێشکەوتنی بەرچاویان لە بەهێزکردنی هاوکارییەکان لە کەرتی وزەدا بەدەستهێناوە. لە پاشخانی ئەم کەشە ئەرێنییەدا، بڕیاری تاکلایەنانەی کۆمپانیاکان بۆ دەستپێکردنی دابینکردنی غاز بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی هەرێم و لە دەرەوەی ئەو چوارچێوە گرێبەستییەی کە پرۆژەی کۆرمۆر بەڕێوەدەبات، بە پێشێلکردنی گرێبەستەکە هەژمار دەکرێت، هەروەها دەستوەردانێکی بێپاساوە بۆ ئەو رێکارە دامەزراوەییانەی کە پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی ڕێکدەخەن.

کرداری کۆمپانیاکان بە تایبەت، بووە مایەی نیگەرانی چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار داوای گازی سروشتی زیاتری بۆ دامەزاروەکانی وزەی هەرێم، کە پێویستییان بە بڕی زیاتری گازی سروشتی هەیە، کردووە.

ئەم داوایە لە پێناو دابین کردنی وزەی کارەبا بۆ هەرێمی کوردستان و بەشەکانی دیکەی عێراق بووە. بەلام بە داخەوە لە جیاتی هاوکاری و هەماهەنگی لە گەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدان و گەیشتن بە ئەم ئامانجە، کۆمپانیاکانی کرێسنت و دانا گاز بڕیاری تاک لایەنەیان دا کە خزمەت بە ئەم مەبەستە ناکات.حکومەتی هەرێم، ڕاگەیەندراوە فەرمییەکەی کۆمپانیاکان ڕەتدەکاتەوە کە تیایدا سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ پاڵپشتیکردنی رێکارەکانی دابینکردنی غاز.

حکومەتی هەرێم نە ڕەزامەندی دەربڕیوە و نە ڕێگەی بەم هەنگاوە داوە، و هەر ئاماژەیەک بەوەی کە پشتیوانی یان پاڵپشتی لە بڕیارە تاکلایەنانەکەی کارپێکەرەکان کردبێت، ناڕاست و چەواشەکارانەیە.

حکومەتی هەرێم ئێستا هەڵسەنگاندنی لێکەوتە یاسایی، گرێبەستی و کارپێکردنەکانی کردارەکانی کۆمپانیاکان دەکات و سەرجەم ڕێوشوێنە گونجاوەکان دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی مافەکانی بەپێی گرێبەست، هەروەها پاراستنی ئەو چوارچێوە گرێبەستییەی کە پرۆژەی کۆرمۆر بەڕێوەدەبات و پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق لە سێکتەری وزە.حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی غاز و کارەبا لە ڕێگەی ئەو رێکارانەی کە لەسەری ڕێککەوتوون، و لە ڕووی گرێبەستییەوە گونجاون و لە بەرژەوەندی خەڵکدان.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە