لەسەر دۆسیەی خنکانی هاووڵاتییەک لەئاوی چەمی چەمەک لە شارۆچکەی زەلان سێ تۆمەتبار دەستگیرکران،
ئەمڕۆ هەینی، پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، لەسەر دۆسیەی خنکانی هاووڵاتییەک، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی زەلانی سەربە بەشی پۆلیسی شارباژێری بەڕێوەبەرایەتیمان سێ تۆمەتباریان دەستگیرکرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووەم دوای ئەوەی هێزەکانی پۆلیس ئاگادار کرانەوە لە ڕووداوی خنکانی هاووڵاتییەک لە کاتی مەلەکردن لە چەمی چەمەکی سنوری شارۆچکەی شارباژێر، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی زەلان و بەشی پۆلیسی شارباژێر و تیمەکانی بەڵگەی تاوان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە.
ئەوەشی خستەڕوو کە دوای ئەنجامدانی رێکارە یاساییەکان و ئەنجامدانی پشکنین بۆ تەرمی هاووڵاتییە خنکاوەکە، بەبڕیاری دادوەر سێ تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەکانەوە دەستگیر کران.
پۆلیسی سلێمانی ڕاشیگەیاند، ئێستا تۆمەتباران (ش، ش، م لەدایکبووی ٢٠٠١)، (هـ، ئـ، ع لەدایکبووی ١٩٩٧)، (هـ، ئـ، ع لەدایکبووی ١٩٩٤) بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی (٤٠٦) لە یاسای سزادان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیاندا بەردەوامە.
