لە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی تورکیا گفتوگۆکان لەسەر پڕۆژەیاسای “بەهێزکردنی هاودەنگیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی” کە لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەریدا ئامادەکراوە دەست پێدەکەن.
پڕۆژەیاسای “بەهێزکردنی هاودەنگیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی” لە 12 مادە پێکهاتووە.
پڕۆژەیاساکە رۆژی چوارشەممە بە واژۆی نزیکەی 360 پەرلەمانتاری حیزبەکانی ئاک پارتی، مەهەپە، دەم پارتی، جەهەپە و هودا پار پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرا.
لە پڕۆژەیاساکەدا بۆ ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان کە چەک دادەنێن دواخستنی لێکۆڵینەوە و سزاکان هەیە.
بەڵام ئەمە بە مەرجی ئەوەیە کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا (MGK) بە فەرمی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوە پشتڕاست بکاتەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەی یاسایی پەرلەمانی تورکیا دەست بە گفتوگۆکردن لەسەر مادەکانی پڕۆژەیاساکە بکات.
دوای ئەوەی لە لیژنەکەدا پەسەند دەکرێت، پڕۆژەیاساکە دەچێتە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.
پلان وایە دوای دەنگدانەکە، لە درەنگترین کاتدا تا رۆژی دووشەممە پڕۆژەیاساکە ببێتە یاسا و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
