ئاسایشی ئاوی سلێمانی و چەمچەماڵ دەکەوێتە قۆناغێکی نوێوە؛ پڕۆژە ستراتیژییەکان کۆتایی بە قەیرانەکە دەهێنن؟
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانییەوە جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی ستراتیژی و هاوئامانجی بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەی کەمئاوی لە سلێمانی، چەمچەماڵ و دەوروبەریان خستووەتە گەڕ.
- بەپێی لێدوانی ئاری ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەواوبوونی پڕۆژەکانی دوکان-سلێمانی 3 و گۆپتەپە-چەمچەماڵ، ئاسایشی ئاو بۆ ئەو ناوچانە بۆ ماوەی 25 تا 30 ساڵی داهاتوو مسۆگەر دەکات.
ئاماژەی بەوەشداوە، بۆ چارەسەری بەپەلەی هاوین و کێشە کاتییەکان، زنجیرەیەک کار لەسەر نوێکردنەوەی پەمپەکانی دوکان 1 و دوکان 2 دەکرێت تاوەکو لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دۆخەکە بەشێوەیەکی کاتی جێگیر ببێت.
هاوکات لە چەندین ناوچەی دیکەی وەک ئاکرێ، دەربەندیخان، بارزان، کەلار و سۆران پڕۆژەکانی ئاو گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی یان ڕەزامەندییان لەسەر دراوە.
- پڕۆژەی ستراتیژیی دۆکان-سلێمانی 3:
ئەم پڕۆژەیەی کە 14 ساڵ بوو بە هەڵپەسێردراوی مابووەوە، بودجەکەی تەرخان کراوە و بڕیارە لە ماوەی 24 مانگدا بە تەواوی کۆتایی بێت وەک چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ سلێمانی.
- پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵ: کارەکانی بە خێراییەکی زۆر دەستیان پێکردووەتەوە و ڕێژەی ئەنجامدانی 40%ی تێپەڕاندووە؛ دوای دابینکردنی بودجە بڕیارە تەنها لە ماوەی 8 مانگدا کۆتایی پێبێت.
- چارەسەرە بەپەلەکانی دوکان 1 و 2: کار بۆ چاککردنەوەی پەمپەکانی دوکان 2 کراوە و لە 10 ڕۆژی داهاتوودا بڕی ئاو جێگیر دەبێت، هەروەها لە کۆتایی مانگی 10ی ئەمساڵدا 8 پەمپی نوێ بۆ دوکان 1 دابین دەکرێن.هاوکات ڕوونیشیکردەوە، بەهۆی کۆنیی ژێرخان و کێشەی پەمپەکان لە هێڵەکانی دوکان، چەندین گەڕەکی سلێمانی لە وەرزی گەرمادا ڕووبەڕووی دواکەوتنی نۆرەی ئاو بوونەتەوە، کە بە پەمپە نوێیەکان کێشە کاتییەکەیان کەمدەکرێتەوە.
قەیرانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، کە بەرهەمی کەڵەکەبوونی تەنگژە داراییەکانی دوای ساڵی 2014 و گوشارەکانی ڕابردوو بوو، کەرتی خزمەتگوزاریی ئاوی تووشی پەککەوتنێکی جدی کردبوو. لە ئێستادا حکومەت جەخت لەوە دەکاتەوە کە دابینکردنی ئاوی پاکی کردووەتە ئەولەوییەت و لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە کار لەسەر بەدیجیتاڵکردنی سیستەمی دابەشکردن و جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان دەکات تاوەکو کێشەی کەمئاوی بە یەکجارەکی بکاتە بەشێک لە ڕابردوو.
