حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەی لەبارەی ڕەوانەکردنی غازی کۆرمۆر بۆ بەغدا بڵاوکردەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی فەرمیی خۆی لەسەر دابینکردنی غازی سروشتی لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بۆ وەزارەتی کارەبای عێراق لەلایەن هەردوو کۆمپانیای (دانا غاز) و (کرێسنت پترۆلیۆم) ڕاگەیاند. حکومەتی هەرێم ئەم هەنگاوەی کۆمپانیاکانی بە “بڕیاری تاکلایەنانە و پێشێلکاریی گرێبەست” ناوبرد و تێیدا ڕەتیکردەوە کە هیچ ڕەزامەندییەکی لەسەر ئەم پڕۆسەیە دابێت.
بەرچاوترین خاڵەکانی ڕاگەیێندراوەکە:
- نەبوونی ئاگاداری و ڕەزامەندی: حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ٤ی ئابی ٢٠٢٦، تەنها لە ڕێگەی ڕاگەیەندراوی فەرمیی کۆمپانیاکانەوە بە دەستپێکردنی دابینکردنی غاز بۆ بەغدا زانیوە و هیچ ڕەزامەندییەکی پێشوەختەی لەسەر نەبووە.
- پێشێلکاریی گرێبەست: لە کاتێکدا هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ لە کەشێکی ئەرێنیدا هەنگاویان بەرەو بەهێزکردنی کەرتی وزە ناوە، بڕیاری تاکلایەنانەی ئەم دوو کۆمپانیایە بە دەستوەردان و پێشێلکردنی ڕاشکاوانەی چوارچێوەی گرێبەستی پرۆژەی کۆرمۆر دادەنرێت.
- پێویستیی ناوخۆیی هەرێم: حکومەتی هەرێم جەخت دەکاتەوە کە چەندین جار داوای غازی زیاتری بۆ وێستگەکانی کارەبای هەرێم کردووە تاوەکو کارەبای زیاتر بۆ هەرێم و بەشەکانی دیکەی عێراق دابین بکرێت، بەڵام کۆمپانیاکان لەبری هاوکاری، ئەم بڕیارە تاکلایەنانەیان داوە.
- ڕەتکردنەوەی سوپاسگوزاریی کۆمپانیاکان: حکومەتی هەرێم ئەو ئاماژانەی کۆمپانیاکانی بە توندی ڕەتکردەوە کە گوایە سوپاسی هەرێم دەکەن بۆ پاڵپشتیکردنی پرۆسەکە، و بە “ناڕاست و چەواشەکارانه” ناوی بردن.
- گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی: حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە ئێستا لە هەڵسەنگاندنی لێکەوتە یاسایی و گرێبەستییەکاندایە و سەرجەم ڕێوشوێنە گونجاوەکان بۆ پاراستنی مافەکانی و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق دەگرێتە بەر.
دەقی فەرمیی ڕاگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
لە 4ی ئابی 2026، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن هەردوو کۆمپانیای کرێسنت پترۆلیۆم و دانا غاز، کە کارپێکەری هاوبەشی کێڵگەی کۆرمۆرن، ئاگادارکرایەوە کە دەستیان کردووە بە دابینکردنی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ وەزارەتی کارەبای عێراق بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا. حکومەتی هەرێم ئەم ئاگادارکردنەوەیەی تەنها لە کاتی ڕاگەیاندنی فەرمی کۆمپانیاکاندا پێگەیشت.وەک قەوارەیەکی دەستووری و دانەبڕاو لە کۆماری فیدراڵیی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە پابەند بووە بە بەهێزکردنی ئاسایشی وزە لە هەرێمی کوردستان و عێراق. ئەم ئامانجەی لە ڕێگەی وەبەرهێنانی گەورە لە ژێرخانی وزە و خستنەگەڕی ئەو ژێرخانە بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی هەموو عێراقییەکانی کردووە. حکومەتی هەرێم هەرگیز دژی دابینکردنی غاز یان کارەبا بۆ هیچ بەشێکی عێراق نەبووە ، بەو مەرجەی ئەو جۆرە ڕێکخستنانە بە پابەندبوونی تەواو بە چوارچێوەی گرێبەستە کارپێکراوەکان و بە ڕەزامەندیی حکومەتی هەرێم وەک لایەنی گرێبەستکار ئەنجام بدرێن.حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی پێشکەوتنی بەرچاویان لە بەهێزکردنی هاوکارییەکان لە کەرتی وزەدا بەدەستهێناوە. لە پاشخانی ئەم کەشە ئەرێنییەدا، بڕیاری تاکلایەنانەی کۆمپانیاکان بۆ دەستپێکردنی دابینکردنی غاز بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی هەرێم و لە دەرەوەی ئەو چوارچێوە گرێبەستییەی کە پرۆژەی کۆرمۆر بەڕێوەدەبات، بە پێشێلکردنی گرێبەستەکە هەژمار دەکرێت، هەروەها دەستوەردانێکی بێپاساوە بۆ ئەو رێکارە دامەزراوەییانەی کە پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی ڕێکدەخەن.کرداری کۆمپانیاکان بە تایبەت، بووە مایەی نیگەرانی چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار داوای گازی سروشتی زیاتری بۆ دامەزاروەکانی وزەی هەرێم، کە پێویستییان بە بڕی زیاتری گازی سروشتی هەیە، کردووە. ئەم داوایە لە پێناو دابین کردنی وزەی کارەبا بۆ هەرێمی کوردستان و بەشەکانی دیکەی عێراق بووە. بەلام بە داخەوە لە جیاتی هاوکاری و هەماهەنگی لە گەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدان و گەیشتن بە ئەم ئامانجە، کۆمپانیاکانی کرێسنت و دانا گاز بڕیاری تاک لایەنەیان دا کە خزمەت بە ئەم مەبەستە ناکات.حکومەتی هەرێم، ڕاگەیەندراوە فەرمییەکەی کۆمپانیاکان ڕەتدەکاتەوە کە تیایدا سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ پاڵپشتیکردنی رێکارەکانی دابینکردنی غاز. حکومەتی هەرێم نە ڕەزامەندی دەربڕیوە و نە ڕێگەی بەم هەنگاوە داوە، و هەر ئاماژەیەک بەوەی کە پشتیوانی یان پاڵپشتی لە بڕیارە تاکلایەنانەکەی کارپێکەرەکان کردبێت، ناڕاست و چەواشەکارانەیە.حکومەتی هەرێم ئێستا هەڵسەنگاندنی لێکەوتە یاسایی، گرێبەستی و کارپێکردنەکانی کردارەکانی کۆمپانیاکان دەکات و سەرجەم ڕێوشوێنە گونجاوەکان دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی مافەکانی بەپێی گرێبەست، هەروەها پاراستنی ئەو چوارچێوە گرێبەستییەی کە پرۆژەی کۆرمۆر بەڕێوەدەبات و پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق لە سێکتەری وزە.حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی غاز و کارەبا لە ڕێگەی ئەو رێکارانەی کە لەسەری ڕێککەوتوون، و لە ڕووی گرێبەستییەوە گونجاون و لە بەرژەوەندی خەڵکدان.
