شاندێکی مامۆستایانی وانەبێژی لادراو سەردانی پەرلەمانی عێراقیان کرد و بەڵێنی پشتیوانییان پێدرا
نوێنەرایەتیی مامۆستایانی وانەبێژی لادراوی پەروەردە سەردانی پەرلەمانی عێراقیان کرد لە بەغدا و لەلایەن فراکسیۆنە کوردستانییەکانەوە بەڵێنی تەواوی پاڵپشتیی و هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەیان پێدرا.
ئاکۆ کەریم، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژی لادراو ڕایگەیاند؛ سەردانەکەیان لەسەر بانگهێشت و هەماهەنگیی د. بڕیار ڕەشید شەریف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە و لە چوارچێوەشیدا کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق ئەنجامداوە.
بەپێی وتەی نوێنەری مامۆستایان، سەرجەم فراکسیۆنەکان بێ جیاوازی پاڵپشتیی خۆیان بۆ داواکارییەکانیان دەربڕیوە و ئەم بەڵێنانەیان پێداون:
لە کاتی سەردانی لیژنەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بە مەبەستی هەمواری یاسای بودجە، دانانەوەی مامۆستایانی وانەبێژی لادراوی پەروەردە یەکێک دەبێت لە خاڵە سەرەکییەکانی گفتوگۆ.
هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت تاوەکو لە مانگەکانی داهاتوودا و لە کاتی جێگیرکردنی یاسای بودجەدا، ناوی ئەم مامۆستایانە لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٧دا جێگیر بپەرژێندرێت.
داکۆکیی سەرسەختانە دەکرێت تاوەکو بەشی زیادرکردنی ڕێژەی دامەزراندن لە ڕەشنووسی بودجەدا (کە بەپێی نوێترین سەرژمێریی عێراق و بەپێی دەستوور ٪١٤ی بەری هەرێم دەکەوێت)، بەشێکی تەرخان بکرێت بۆ کەرتی پەروەردە و ئەولەویەتی تەواویش بدرێت بە گەڕاندنەوەی سەرجەم مامۆستا لادراوەکان کە لە ڕۆژگارە سەختەکاندا خزمەتیان بە پرۆسەی پەروەردە کردووە.
تۆڕی میدیایی خەڵک
