وەزیری دەرەوەی سووریا، ئەسعەد شەیبانی ڕایگەیاند، ناوچەکە بە ڕوونی لەسەر بنەمای کۆتاییھێنان بە گرووپە چەکدارەکان لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت ھەنگاو بە ئاراستەی دامەزراندنی سەقامگیری، دەنێت.
ئەسعەد شەیبانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ھاوبەشدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا، ھاکان فیدان لە ئەنقەرە وتی: “ناوچەکە بە ڕوونی لەسەر بنەمای کۆتاییھێنان بە گرووپە چەکدارەکان لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت ھەنگاو بە ئاراستەی دامەزراندنی سەقامگیری، دەنێت و لەوبارەیەوە ھاوڕابووین لەسەر پشتیوانیکردن لە ھەوڵ و ھەنگاوەکانی عێراق و لوبنان بۆ بەھێزکردنی سەقامگیری ناوچەکە.”
شەیبانی وتیشی “سووریایەکی یەکگرتووی داماڵدراو لە تیرۆر و میلیشیاکان، بەھێزترین گەرەنتییە بۆ پاراستنی سنوورە ھاوبەشەکانمان (لەگەڵ تورکیا)”.
ئەسعەد شەیبانی ئاماژەی بەوەشدا کە سووریا و تورکیا، دۆسیەی ئابووری و سیاسی ھاوبەشیان خستووەتە سەرووی لەپێشنەی کارەکانیانەوە.
وەزیری دەرەوەی سووریا باسی لەوەش کرد، کە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا گفتوگۆیان لەبارەی چالاککردنەوەی رێککەوتننامەکانی ئابووری و بازرگانی، ھەروەھا ھەنگاوە گرنگەکانی ئەم دواییەی نێوان بانکەکانی ناوەندی سووریا و تورکیا کردووە کە بووەتە مایەی دانانی بناغەی قۆناغێکی نوێی ھاریکاری نێوان ھەردوو وڵات.
