قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی هەڵەبجە ئاماری کار و چالاکییەکانی ١٤ لیژنەی هەمیشەیی و گشتیی بۆ مانگی تەمووزی ٢٠٢٦ ڕاگەیاند. لیژنەکان لە ماوەی مانگی ڕابردوودا بە مەبەستی چاودێریکردنی بازاڕ و پاراستنی تەندروستیی گشتی، زنجیرەیەک پشکنین و بەدواداچوونی مەیدانییان ئەنجامداوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە ماوەی مانگی تەمووزدا ٨٥٩ پشکنین و بەسەرکردنەوەی مەیدانی بۆ شوێنە جیاوازەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە ئەنجام دراوە. لە ئەنجامی ئەو پشکنینانەدا، ٢٢٠ ئاگادارکردنەوەی فەرمی ئاراستەی کاسبکاران کراوە بۆ پابەندبوونیان بە ڕێنماییە تەندروستی و بازرگانییەکان. هەروەها بەهۆی ئەنجامدانی سەرپێچییەوە، ٤٣ شوێن غەرامە کراون و ٤ شوێنیش بەهۆی پابەندنەبوون بە مەرجەکانەوە داخراون.
لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە لە ئەنجامی گەڕان و پشکنینەکاندا دەست بەسەر بڕێکی زۆر لە خۆراکی خراپبوو و کەلوپەلی بەسەرچوودا گیراوە. ئەو کاڵایانە بریتی بوون لە ٣٣٠ مریشکی بنەقاعە، ٢٨ کیلۆگرام گۆشتی خراپبوو، ١٠٠ کیلۆگرام خۆراکی بەسەرچوو، هەروەها ٤٠١ دانە لە کەلوپەل و کەرەستەی بەسەرچوو کە شیاوی بەکارهێنان نەبوون.
قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی هەڵەبجە لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا دەستخۆشی و سوپاسی خۆی ئاراستەی سەرجەم لیژنەکان، هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس، تیمەکانی تەندروستی و بازگەی زەمەقی کردووە بۆ هەوڵ و ماندووبوونیان. هەروەها سوپاسی ئەو کاسبکارانەی کردووە کە هاوکار و هەماهەنگ بوون لە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکاندا. تایبەت دەستخۆشی بۆ بەڕێز سمکۆ سالار، قائیمقامی قەزای مەڵبەندی هەڵەبجە هەبووە بۆ پاڵپشتی و پشتیوانییە بەردەوامەکانی.
قائیمقامیەت جەختی کردەوە کە کار و هەوڵەکانیان لەپێناو پاراستنی تەندروستی و بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییاندا بەردەوام دەبێت و چاودێریی توند لەسەر بازاڕ و شوێنە گشتییەکان بەردەوام دەبێت.
