بانکی ناوەندیی ئەورووپا لە نوێترین ڕاپۆرتیدا هۆشداری دەدات کە بەهۆی پەرەسەندنی جەنگی ئێران و گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، خەرجییەکانی خێزانەکان لە ناوچەی یۆرۆ ڕووی لە دابەزین کردووە و متمانەی بەکاربەران پاشەکشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، دۆخی ئابووری و گوزەرانی دانیشتووانی ناوچەی یۆرۆ ڕاستەوخۆ کەوتووەتە ژێر کاریگەریی قەیرانەکانی ناوچەکە، بەتایبەت لە کەرتی وزەدا، کە ئەمەش هاوڵاتییانی ناچار کردووە دەست بگرنەوە و خەرجییە گشتییەکانیان کەم بکەنەوە.
هەروەها تێکچوونی ڕێڕەوی دابینکردنی نەوت و گاز وەک هەڕەشەیەکی جدی دەمێنێتەوە کە دەتوانێت هەڵاوسان لە ئەورووپا بە بەرزی بهێڵێتەوە، و پێشبینی دەکرێت بەهۆی بەردەوامیی ئەم دۆخە، گەشەی ئابووریی ناوچەکە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بە لاوازی بمێنێتەوە.
