لە یادی تێپەڕبوونی دوازدە ساڵ بەسەر کارەساتی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا، سەرۆککۆماری عێراق جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە بڕیاری ئازایانە بۆ کۆتاییهێنان بە نەهامەتییەکانی ئەم پێکهاتەیە بدرێت. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە دۆسیەی ئێزدییەکان وەک ئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقی، پەیوەستە بە شکۆی سەرجەم هاووڵاتییانی عێراقەوە و دەبێت هەموو مافەکانیان بۆ بگەڕێنرێتەوە.
سەرۆکایەتیی کۆمار ئاوەدانکردنەوەی قەزای شنگال، ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان وەک مەرجی سەرەکی بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری دیاری کرد. هەروەها داوای کرد هەنگاوی کرداری بۆ قەرەبووکردنەوەی دارایی و مەعنەویی قوربانییانی دەستی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بنرێت.
لە پەیامەکەیدا هاتووە کە تاوانەکانی داعش هەوڵێک بوون بۆ سڕینەوەی ناسنامەی ئێزدییەکان، بەڵام خۆڕاگریی ئەم پێکهاتەیە سەلماندی کە ئیرادەی ژیان لە تیرۆر بەهێزترە. سەرۆککۆمار دووپاتی کردەوە کە دادپەروەریی تەواو بەدی نایەت تاوەکو ئێزدییەکان بە تەواوی مافە دەستووری و مرۆییەکانیان شاد نەبنەوە.
