وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن ڕایگەیاند کە حکوومەتی عێراق گرنگییەکی تایبەتی بە دۆسیەی ئێزدییەکان داوە و بۆ ئەو مەبەستەش پلانێکی بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال، قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و گەڕانەوەی ئاوارەکان داناوە.
فوئاد حوسێن لە وتارێکدا کە بە نوێنەرایەتی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی لە ڕێوڕەسمی ١٢ھەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا لە ھەولێر پێشکەشی کرد وتی: “ئەمڕۆ ئەو یادەوەرییە بەئازارانە وەبیردەھێنینەوە کە بەسەر عێراق و ھەرێمی کوردستاندا ھاتوون، دوایینیان تاوانی جینۆسایدی ئێزدییەکان بوو کە ١٢ ساڵ لەمەوبەردا ڕوویدا”.
ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ساڵی ١٩٨٠دا لە عێراق، گەورەترین ھەڵمەتی ڕاگواستنی کوردانی فەیلیی ئەنجامدرا و لە میانیدا زیاتر لە ١٢ ھەزار کەس ڕاگوزران و دواتر لە ساڵی ١٩٨٣دا تاوانی جینۆسایدی بارزانییەکانی ئەنجامدرا کە زیاتر لە ھەشت ھەزار مرۆڤ بوونە قوربانی، پاشان تاوانەکانی ھەڵەبجە و ئەنفال بەردەوام بوون تا گەیشتە ئەو تاوانانەی کە١٢ ساڵ لەمەوبەر، لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە دەرھەق بە ئێزدییەکان ئەنجامدران، ئەوەش بە ئامانجی لەناوبردنی فرە پێکھاتەکان لە عێراقیدا”.
وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لەوەش کردەوە: “ئەو تاوانانە، تاوانی قێزەونن و دژبە بنەمای مرۆڤایەتیین، بەڵام عێراق بە تەواوی پێکھاتەکانی و ئازایەتیی ڕۆڵەکانی، ھیوای تیرۆریستانی بێئومێد کرد و نەخشەکانیانی ھەڵوەشاندەوە و تەواوی ناوچەکانی ئازاد کرد “.
ئاماژەی بەوەشکرد کە لە سایەی ئەو قوربانییە گەورانەی کە ھێزە عێراقییەکان بە سەرجەم پێکھاتەکانیانەوە پێشکەش کرا، لەنێویاندا ھێزەکانی پێشمەرگە، تیرۆر تێکشکێندراوە و دووبارە ناگەڕێتەوە و گوتی: “داعش ھەموو ھەوڵی خۆی بۆ ڕیشەکێشکردنی پێکھاتەیەکی ڕەسەن لە پێکھاتەکانی گەلی عێراق کە پێکھاتەی ئێزدییە بەکارھێنا، بەڵام ھەوڵەکەی شکستیھێنا”.
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن ڕایگەیاند کە حکوومەتی عێراق گرنگییەکی تایبەتی بە دۆسیەی ئێزدییەکان داوە و بۆ ئەو مەبەستەش پلانێکی بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال، قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و گەڕانەوەی ئاوارەکان، داناوە.
ھەروەھا فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوەدا کە حکوومەتی عێراق سوورە لەسەر پاراستنی مافەکانی سەرجەم پێکھاتەکانی گەلی عێراق و چەسپاندنی بەھای ھاووڵاتیبوون و بەرەنگاربوونەوەی گوتاری ڕق و کینە و بەھێزکردنی فەرھەنگی پێکەوەژیان و لێبوردەیی.
