ڕوونکردنەوەی زانستی لەسەر بوومەلەرزەکانی ئەم چەند ڕۆژەی کوردستان

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زنجیرەیەک بوومەلەرزەی سووک و مامناوەند چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان و پارێزگای کەرکووکی هەژاند.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی، بوومەلەرزەکان شاری هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان و کەرکووکیان گرتۆتەوە و گوڕەکەیان لە نێوان 1 بۆ 3.8 پلە بە پێوەری ڕێختەر بووە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە نزیک پشتێنەی بوومەلەرزەیی زاگرۆس، کە هێڵی بەیەکدادانی پلێتی عەرەبی و ئۆراسیایە. بەردەوامی جووڵەی ئەم پلێتانە دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی وزە لە ژێر زەویدا. کاتێک تاشەبەردە زەبەلاحەکان توانای بەرگەگرتنی ئەو فشارەیان نامێنێت، دەشکێن و وزەکە بەشێوەی شەپۆلی بوومەلەرزە دەردەچێت و دەبێتە هۆی لەرینەوەی زەوی.

هەروەها ڕوونکراوەتەوە کە توندی و کاریگەری بوومەلەرزە بەپێی سروشتی بەردەکان، قووڵی سەنتەری بوومەلەرزەکە و دووری لە ناوچەی دانیشتووان دەگۆڕێت.

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی جەختی کردووەتەوە کە ئەم داتایانە ئاماژەن بۆ چالاکی بوومەلەرزەیی هێواش و مامناوەند و لە مەودای ئاساییدان کە پێشتر تۆمارکراون.

هەروەها ڕایگەیاندووە کە ڕوودانی چەند بوومەلەرزەیەک بەدوای یەکدا شتێکی سروشتییە و بەڵگە نییە لەسەر ڕوودانی بوومەلەرزەی بەهێز.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە تا ئێستا هیچ تەکنیکێکی زانستی نییە بتوانێت بەوردی کات و شوێن و گوڕی بوومەلەرزەیەک پێش ڕوودانی دیاری بکات.

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی داوا لە هاووڵاتیان دەکات گوێ بە دەنگۆ و پێشبینی نازانستی نەدەن و خۆیان تووشی دڵەڕاوکێ نەکەن.

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی ڕاشیگەیاند، بەهێزکردنی سیستمی چاودێری بوومەلەرزە و پابەندبوون بە ستانداردەکانی بیناسازی بەرگری بوومەلەرزە بنەمای سەرەکین بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری زانستی پایەیەکی بنەڕەتییە بۆ پاراستنی ژیان و ماڵ و موڵکی هاووڵاتیان.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە