بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانێکی نوێدا ناوەڕۆکی بەشێک لە گفتوگۆ ڕاستەوخۆکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرا کرد و سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە هەوڵەکانی ئیسرائیل دەکەن بۆ ئاڕاستەکردنی سیاسەتەکانی واشنتن بەرامبەر تاران.
ناتانیاهۆ لە لیدوانێکیدا بۆ میدیای ئەمریکا ڕایگەیاند کە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا باسیان لە چەندین بژاردەی جیاواز کردووە سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاڵۆزی و پرسە ناوچەیییەکان، کە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکان بابەتی گەمارۆدانی گەرووی هورمز بووە.
سەبارەت بە دەنگۆی فشارخستنە سەر واشنتن بۆ لێدانی تاران، ناتانیاهۆ وتی: “من داوام لە ترەمپ نەکردووە درێژە بە هێرشەکانی سەر ئێران بدات، پەیوەندییەکانی نێوانمان لەسەر بنەمای ڕاوێژ و گۆڕینەوەی بیروڕای بەردەوامە، نەک سەپاندنی ویست و ئیرادە.”
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ناتانیاهۆ وەڵامی ئەو ڕەخنانەی دایەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بڕیارەکانی کۆشکی سپی هەیە و ڕایگەیاند کە هیچ کەسێکی چەواشە نەکردووە و ترەمپ سەرکردەیەکە کە خاوەنی بڕیاری سەربەخۆی خۆیەتی.
هەروەها جەختی کردەوە پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و هاوبەشیی ستراتیجی دامەزراوە و وتیشی: “هیچ کەسێک نییە فەرمان بە ترەمپ بکات و ئەو خۆی باش دەزانێت چ بڕیارێک لە بەرژەوەندیی وڵاتەکەیدایە.”
