کۆمپانیای “بی ئێم دەبلیو” نێزیکەی ٨ هەزار فەرمانبەری دەردەکات.
کۆمپانیای ئەڵمانی “بی ئێم دەبلیو” (BMW) کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی لوکس لە جیهاندا، بەڕێوەبردنی پرۆسەیەکی فراوانی دەرکردنی کارمەندانی ڕاگەیاند. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی بەرنامەی “دەستلەکارکێشانەوەی ئارەزوومەندانە”دا جێبەجێ دەکرێت کە لەگەڵ سەندیکا کرێکارییەکان ڕێککەوتنی لەسەر کراوە و تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٧ بەردەوام دەبێت.
وتەبێژێک بەناوی کۆمپانیاکەوە ڕوونی کردەوە کە بەرنامەکە بە پلەی یەکەم فەرمانبەرانی بەشی کارگێڕی و گەشەپێدەرانی بەرهەمە نوێیەکان دەگرێتەوە، بەبێ ئەوەی کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کەرت و هێڵی بەرهەمهێنانی کارگەکان هەبێت.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی (ڕۆیتەرز)، کەمکردنەوەی دامەزراندنەکە گەیشتووەتە نزیکەی ٨ هەزار دەرفەتی کار، کە زۆربەیان لە ناوخۆی ئەڵمانیادان. ئەمەش لە کاتێکدایە کۆی گشتیی کارمەندانی کۆمپانیاکە لە سەرانسەری جیهاندا بە ١٥٠ هەزار کەس دەخەمڵێنرێت و ٨٧.٤ هەزاریان لە ناوخۆی ئەڵمانیا کار دەکەن.
کۆمپانیای “بێ ئێم دەبلیو” لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا پێشبینییەکانی خۆی بۆ قازانجی ساڵانە کەمکردەوە. سەرەکیترین هۆکارەکانی ئەم دابەزینە دەگەڕێتەوە بۆ:
کەمبوونەوەی داواکاری لە چین: بەردەوامیی لاوازیی بازاڕی ئۆتۆمبێل لە وڵاتی چین.
ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: لێکەوتە ئابوورییەکانی جەنگ و ئاڵۆزییە ناوچەیییەکان کە لە پێشبینییەکانی کۆمپانیاکە زیاتر بوون.
کۆمپانیاکە پێشبینی دەکات ئەمساڵ فرۆشی ئۆتۆمبێلەکانی بەڕێژەیەکی کەم دابەزێت، بەڵام قازانجی دوای باج بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. هەروەها بڕیارە ڕۆژی ٣٠ی تەمووز ئەنجامە داراییەکانی چارەکی دووەمی ئەمساڵ بڵاو بکاتەوە.
شایەنی باسە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەهای بازاڕیی کۆمپانیای “بی ئێم دەبلیو” ٣٦.٢٪ دابەزیوە و گەیشتووەتە ٣٦ ملیار یۆرۆ، کە ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەو ئاستەنگە سەختانەی ڕووبەڕووی ئەم دێوەزمەیەی پیشەسازیی ئەڵمانیا بووەتەوە.
