نزیکەی نیوەی ئەمریکییەکان پشتیوانی دەستگیرکردنی ناتانیاهۆ دەکەن

راپڕسییەک کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجام دراوە دەریخستووە کە نزیکەی نیوەی ئەمریکییەکان لەگەڵ دەستگیرکردنی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلن لە کاتی چوونە ناو خاکی ئەمریکاوە.

راپڕسییەکە لەلایەن گۆڤاری “دی ئی کۆنۆمیست” بە هاوکاری لەگەڵ دامەزراوەی “یوگۆڤ” لە نێوان ٢٥ تا ٢٧ی تەممووز ئەنجام دراوە و ١,٥٥٩ بەشداربووی تەمەن ١٨ ساڵ و بەرەوژووری گرتووەتەوە، هەروەها ئەنجامەکانی ڕۆژی سێشەممە لە ماڵپەڕی فەرمیی گۆڤارەکەدا بڵاوکراونەتەوە.

لە راپڕسییەکەدا ئەم پرسیارە ئاراستەی بەشداربووان کراوە: “دادگای تاوانی نێودەوڵەتی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ناتانیاهۆ دەرکردووە، ئایا پێویستە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستگیر بکرێت؟”.

٤٩٪ی بەشداربووان وەڵامیان “بەڵێ” بووە، لە بەرامبەردا ٢٧٪ پێیانوابووە کە نابیێت دەستگیر بکرێت، لە کاتێکدا ڕێژەی دوودڵەکان گەیشتووەتە ٢٣٪.

لە پرسیارێکی دیکەدا دەربارەی ئەوەی ئایا بەشداربووان بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەهۆی ڕووداوەکانی کەرتی غەززەوە بە “تاوانباری جەنگ” دەزانن یان نا، ٤٧٪ وەڵامیان “بەڵێ” بووە، لە بەرامبەر ٢٤٪ بە “نەخێر”، لە کاتێکدا ٢٩٪ ڕایانگەیاندووە کە دڵنیا نین.

لە هەمان چوارچێوەدا، ٤٣٪ی بەشداربووان ئاماژەیان بەوە کردووە کە پێیانوایە کۆمەڵکوژی (جینۆساید) لە فەلەستین ڕووی داوە، لە کاتێکدا ٢٤٪ پێیانوابووە ئەوەی ڕوو دەدات نەگەیشتووەتە ئاستی کۆمەڵکوژی، و ٣٢٪یش لە دەربڕینی ڕای خۆیان بەدوور بوون.

ناتانیاهۆ لە ڕۆژی دووشەممەوە سەردانێکی دیارینەکراوی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستپێکردووە و دوێنێش لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە