ئێوارەی ئەمڕۆ سێ شەممە، لە کۆمەڵگەی سەرۆکایەتی لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، دانوستانی هاوبەش و فراوان لە نێوان عێراق و تورکیا بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عەلی فالح زەیدی و سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەڕێوەچوو.
بەپێی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر دەستپێکردنی هەنگاوە کردارییەکانی پڕۆژەی ستراتیژیی “ڕێگەی گەشەپێدان” کرایەوە. جگه لەوەش، چەندین دۆسیەی گرنگی تر تاوتوێ کران، لەوانە:
ئابووری و وەبەرهێنان: بەهێزکردنی هاوکاری لە کەرەتەکانی نەوت، وەزە، بازرگانی و هانی کۆمپانیا تورکییەکان بۆ بەشداریکردن لە پڕۆژە وەبەرهێنانەکانی عێراق.
دۆسیەی ئاو: ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامی و انتڤامبوونی کۆبوونەوەکانی کۆمیتەی هەمیشەیی تایبەت بە ئاو.
پەیوەندییەکان و ئاسایش: بەهێزکردنی هاوکاری لە کەرەتەکانی گواستنەوە، فڕۆکەوانی مەدەنی، پەروەردە و ئاسایش.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئاماژەی بە پەیوەندی مێژوویی و جوگرافی هەردوو وڵات کرد و ڕایگەیاند، حكومەتی عێراق خوازیاری هاوبەشییەکی ئابووری بنەڕەتییە لەگەڵ تورکیادا، هەروەها جەختی لەسەر بەردەوامبوون لەسەر پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان کردەوە کە سوودی ئابووری بۆ هەردوو لا دەبێت.
لە لایەن خۆشییەوە، سەرۆک کۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ئامادەیی تەواوی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ پشتیوانیکردنی عێراق لە کەرەتی فڕۆکەوانی مەدەنی و جێبەجێکردنی پڕۆژە گەشەپێدانەکاندا و ئاماژەی بە ئیرادەی هاوبەشی هەردوو وڵات کرد بۆ برەودان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان.


