لەگەڵ دەستپێکی مامەڵەکانی ڕۆژی دووشەممەدا، نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی، ئەوەش دوای بەردەوامیی هێوربوونەوەی گرژییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران، کە بووە هۆی ڕەواندنەوەی مەترسییەکان لەسەر پچڕانی ناردنی نەوت لە ناوچەکەوە.
لە خولەکە یەکەمەکانی دەستپێکی مامەڵەکاندا، نرخەکانی خامەکانی نەوت بەم شێوەیە گۆڕانکارییان بەسەردا هات:
نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت زیاتر لە 7%ی بەهای خۆی لەدەستدا و بۆ خوار 90 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی.
هاوکات نرخی گرێبەستەکانی ئایندەی بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکی بە ڕێژەی 6.7% دابەزی و گەیشتنە 83.35 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
شانبەشانی ئەوەش نرخەکانی گازی سروشتی لە بازاڕەکانی ئەوروپاشدا ڕوویان لە دابەزین کرد.
ئاژانسی “بلومبێرگ” بڵاویکردەوە کە دوای 13 ڕۆژ لە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئێران، ڕۆژی هەینی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەبێ پێدانی هیچ ڕوونکردنەوەیەک یان ڕاگەیەندراوێکی فەرمی هێرشەکانی ڕاگرت.لە بەرامبەریشدا میدیاکان و حکومەتی ئێران هیچ زانیارییەکیان دەربارەی ڕوودانی هێرشی نوێ لەو ماوەیەدا بڵاونەکردووەتەوە.
لە لایەکی ترەوە، لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕەنگدانەوەی ئاڵۆزیی دۆخەکەی نیشان دا؛ ناوبراو درەنگانی شەوی هەینی ڕایگەیاند کە ئەمریکا لە “ئامادەیی تەواودایە” بۆ ئۆپەرسیۆنی بەرفراوان دژ بە ئێران، هەروەها نیگەرانی خۆی دەربڕی بەرامبەر ڕەتکردنەوەی کردنەوەی گەرووی هورمز لەلایەن تارانەوە. ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد کە هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە سەرەڕای ئەوەی پێشتر بە پێگەی “ئەکسیۆس”ی ڕاگەیاندبوو کە واشنتۆن هەڵسەنگاندن بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی بەرفراوان دەکات.
