باشی مەکەن با خراپتر نەبێت

عەبدولواحێد محەمەد – نووسەر

باسی موچەی ناکەم، باسی بەرزکردنەوەی موچەش ناکەم، چونکە هەند قوڵ و کارەساتبارە، هەند ئەوسەر و ئەم سەرمان پێکراوە، هەند درۆی شاخدارمان لەگەڵدا کراوە، هەموو جۆرە فرتوفێڵێکیش دەرهەقمان کراوە، تەواو بێئومێد بووین.

وامان لێهاتوە ئەو دەستەواژانەمان وەک پاشەکەوت، لێبڕین، تێ……..تەواوی ناکەم ئێوە بیکەن، یەکسەر توشی دڵە لەرزێ و چۆک داهەژان دەبین، دەستەکانیشمان بەردەوام لەسەر دڵن، دەبێت دوای ئەوانە چیتر دابتاشن بۆمان، بە مەبەستی خافڵاندن و کێشانەوەی ئەو پارە و پولەی پێمان ماوە، جێی باسە، ئەوەندە گوێمان لە پینە و پەڕۆی بێ بنەما بووە، باوەڕمان بەوانە نەماوە، خەریکە لێی لوس بین هەروەها شتێکی ئەوتۆشمان پێ نماوە و روت و قوت بووینەوە ئیتر لە چ بترسێین.

دەشزانین تەواوی پارەکەش لای برادەرانە، ئەوان بۆ مونشەئات و کۆشک و باڵەخانە و زێڕ و زەبەن پێویستیانە، لەبەر ئەوەی زۆریشن دەبێ هەمویانیش وەک یەک پشکیان هەبێت، بۆیە بەو حاڵەوە نەبێت پێڕاناگەن، ئێمەش بە ناچاری و لە ژێر هەژمونی ئەمری واقیع و بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیاریەتی، ئەوەمان کردۆتە پاساو (ان الله يبسط الرزق لمن يشاء و یقدر و ما یشاء)کە ئەوە راست نییە، بەڵکو بێهوابوونە لەوەی ئەو دەسەڵاتە بیەوێت چارەسەری بکات، حکومەتی ناوەندیش لەوە کەمتەرخە و دەیەوێت بارودۆخەکە بەمشێوەیە گوزەر بکات.

واتە هەردوو حکومەت بە نیازی ئەوەن پێشهاتێک بێتە پێشەوە و گۆڵ لە یەکتر بکەن، کە زەرەر مەندی یەکەم بە شێوەیەکی گشتی هاووڵاتیانن، مامۆستایان و فەرمانبەرانیش بە تایبەتی.

بەڵام باشە نەفت و غاز بۆ؟ ئاخر خۆ ئەو دوو خوا پێداوەمان لە ئاسمان نین لەسەر ئەرز و تۆزەک لە بن ئەرزن، قابیلە ئەوەش پارە بێت لە بەڕکە قوڵەکان بن و بە ئاسانی دەرنەهێنرێت و لە نێو مستەکۆلمەکان گیربووبن، زیاتر لە 14 ساڵە دەریدەینن و دەیفرۆشن، دەر و جیران پێوە خەنی بوونه بەس کوردە هەشبەسەرەکە نەبێت، هەتا ئێستا لەوە نەگەیشتینە، دوای دەرهێنان و فرۆشتنیەوە، بێ نەوت تر و بێ غازتر بووین، لەوە گەڕێ پارەکەشی هەر دیار نەبووە و نییە، سەریشمان سوڕماوە لەوەی ئێمە نەفتمان کڕیوە یان فرۆشتوە؟

پرسیارەکەش ئەوەیە، بۆ حەز دەکەن ئەم میللەتە لە ناو مەنگەنەی پڕ لە سفت و حەسرەتەوە هەڵبکەن؟ نازانم ئەو هەموو گێژاوە یەک لە دوای یەکەوە لە کوێوە دەینن، دڵنیام ئەو وەزعە بە فیعلی فاعیلە و لە مەتبەخی پشتەوە، سیناریۆ و مۆنتاج و ئیخراجی بۆ دەکەن، دەنا چۆن وا زوو زوو دەیخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.

گەواهی ئەو راستیەمان، ئەوەتا لەنێوان چەند شەو و رۆژێکی کورتدا، تەنها بە چەند تەقەیەکی خۆفڕ و هاژەکەوە بەنزینیان فڕاند، غازبش بێ لە قینیەکردندا وجودی، بەڵکو ئەو بۆنە ناخۆشەی بێزاری کردبووین ئەویش هەر نەما، ئەوەی سورترم دەکات لەسەر ئەو خوێندنەوەی خۆم کە ئەوە فۆرمەڵە کراوە، هەر جارێک پەردەیەکی نماییش دەکەن، ئایا ئەو گۆڕانە ئەوەندە کاریگەر بوو تاوەکو ئەو پێچدانەوە 180 دەرەجەییە بێتە پێشەوە، چی بوو لە شەو و رۆژێکدا ئەو دوو سوتەمەنیە زەروریە 70% زیادەی بێتە سەر، لە کاتێکدا سوڕ دەزانم ئەو بەنزین و غازە هەر ئەو بەنزین و غازەیە کە پێشتر هەبوون، نە لە دەرەوە هێنراوە هەتا نرخەکەی گۆڕابێت و بە گرانتر هێنرابێت، نە وا کەمی کردوە بە جۆرێک نرخەکەی بەوشێوە ئاگراویە هەڵبکشێت.

گریمان ئەگەر ئەوەش بووبێت، کوێڕا ئەو نرخەتان بۆ داتاشی، ئەی چۆن لە بڕیارێکی مەلەکیانە داتان بەزاند کە تا ئەم ساتە هەروەکو خۆیەتی، بگرە لە زۆر لە بەنزینخانەکاندا هەر نەما، واتە کێشەکە لەبری چارەسەر قوڵترکرایەوە، بۆ ئەوەیە وتویانە ، باشی مەکەن با خراپتر نەبێت، لۆیەش گۆتم مەلەکیەت، چونکە لەو کاتە ئەوجۆرە بڕیارە قەیسەریانە زۆر بوو بەس تەتبیقکردنیان دەفرۆشرایەوە، یان لە جێی خۆیاندا سڕدەکران هەتا مرازە تایبەتەکان حاسڵ دەبوون و ئێستاش هەر وایە.

ئەوەی بەلای منەوە گرنگە و دەمەوێ بەو دەسەڵاتدارانە بڵێم، ئەم میللەتە بای ئەوەی شارەزایی پەیدا کردووە بۆ ئەوەی ئەو شەتەحاتانەی لەناو نوشتەی جادووگەرەکان نوسراون یان دەنوسرێن، بخوێننەوە تەنانەت سحرەکەشی شیبکەنەوە، تکایە چیتر پشوو درێژی کۆمەڵانی خەڵک تاقی مەکەنەوە، چیتر دروشمی سواوە مەفرۆشنەوە، فریاکەون تا ئاگر تەڕ و وشکی نەگرتۆتەوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە