كەشێكی فێنك هەرێم دەگرێتەوە و گەرما دەشكێنێت

بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، كەشێكی فێنك ڕوودەكاتە ناوچەكانی هەرێم بەهۆی ئەو بارستە هەوا و بارانەی ناوچەكانی توركیای گرتۆتەوە.

شاڵاو هیدایەت، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بای شەماڵ لە هەموو ناوچەکان چالاک دەبێتەوە بەخێرایی 20 بۆ 25 کم لە كاتژمێرێكدا و هاوکات بەهۆی کارتێکردنی بارسته هەوایەکی فێنکی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بۆ ناوچەکانمان، پلەکانی گەرما بەڕێژەی 2 بۆ 3 پلەی سیلیزی دادەبەزن و ئەو دابەزینە تاوەکو ناوەڕاستی هەفتە بەردەوام دەبێت.

لای خۆشیەوە، دەستەی کەشناسی عێراق ڕایگەیاند، لەم هەفتەیەدا شەپۆلێکی هەوای فێنک لە باشووری ئەورووپاوە ڕوو لە عێراق دەکات و دەبێتە هۆی دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ خوار ٥٠ پلەی سیلیزی و شکانی ئەو شەپۆلە گەرمایەی ناوچەکەی گرتبووەوە.

کەشناسی ئاماژەی بەوەشکردووە، کە کاریگەری ئەم شەپۆلە زیاتر لە ناوچەکانی ناوەڕاست، باکوور و ڕۆژئاوای وڵات هەستی پێدەکرێت، بەڵام ئەم دابەزینە کاتییە و تاوەکو ناوەڕاستی هەفتە بەردەوام دەبێت، چونکە لە کۆتایی هەفتەدا پلەکانی گەرما دووبارە ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەنەوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە