عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک ئاگربەستێکی کاتی قبووڵ ناکات تا ئەو کاتەی داواکارییەکانی پەیوەست بە گەرووی هورمزەوە بەدی دەهێنرێن. ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە تاران لەژێر گوشار و هەڕەشەکانی ئەمریکادا پاشەکشە ناکات و بە زمانی زۆرەملێ وەڵامی هیچ لایەنێک ناداتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە دا کە کێشەی ئێستای نێوان تاران و واشنتن نەبوونی نێوەندگیر نییە، چونکە وڵاتانی وەکو پاکستان و قەتەر هێشتا ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن، بەڵکو کێشە بنەڕەتییەکە لە ڕێباز و سیاسەتەکانی ئەمریکادایە کە پێویستە گۆڕانکاری بەسەردا بێت. هاوکات باس لە بەردەوامیی ڕاوێژ و گفتوگۆکانی لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیا و چین کرا.
عێراقچی دووپاتی کردەوە کە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی لە گەرووی هورمزدا بەشێکە لە بنەما سەرەکی و نەگۆڕەکانی تاران. ناوبراو ڕوونی کردەوە کە ئێران نە لە هەڕەشە دەترسێت و نە دەچێتە ژێر باری گوشارەکانەوە، بەڵکو تا بەدیهاتنی ئامانجە ڕەواکانی گەلی ئێران لەسەر هەڵوێستی خۆی بەردەوام دەبێت.
