گوتەبێژی فەرمی حەج و عومرەی کوردستان ڕایگەیاند، پڕۆسەی تۆمارکردنی ناوی حاجیان بەردەوامە و لە ماوەی تەنیا دوو ڕۆژدا نزیکەی هەشت هەزار کەس خۆیان ناونووس کردووە. پرۆسەکە تاوەکو ڕۆژی چوارشەممەی 5ی ئابی 2026، کاتژمێر 12:00ی شەو بەڕێوەدەچێت و تا ئێستاش بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچووە.
سەبارەت بە کێشەی پاسپۆرت، بەرپرسانی حەج و عومرە ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەو کەسانەی پاسپۆرتەکانیان بەسەرچووە باشترە نوێی بکەنەوە، بەڵام ئەگەر بۆیان نەگونجا، دەتوانن بە هەمان پاسپۆرتی ئێستایان فۆڕمەکە پڕبکەنەوە و دوای پەسەندکردنی ناویان، پاسپۆرتەکانیان نوێ بکەنەوە.
بەگوێرەی ڕێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عەمرە، مەرجی تەمەن بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمەکە ئەوەیە کە نابێت لە 25 ساڵ کەمتر بێت، کە ئەمەش بۆ پێدانی چانسی زیاترە بە کەسانی بەتەمەن. لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ کەسانی نەخۆش یان ئەوانەی پێویستیان بە مەحرەمە، ئەگەر هاوەڵەکانیان تەمەنیان لە 25 ساڵ کەمتر بێت، هیچ کێشەیەک نەبێت.
