لە پەرەسەندنێکی نوێی سەربازیدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرلەنوێ فڕۆکە جەنگییە ستراتیژییەکانی لە جۆری B-1 بۆ بەئامانجگرتنی بنکە و شوێنەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بەکارھێنایەوە.
ماڵپەڕی “ئەکسیۆس” لە سەرچاوەی بەرپرسانی ئەمریکییەوە بڵاوی کردەوە، ئەو فڕۆکانە لە بنکەیەکی ئاسمانی لە بەریتانیاوە فڕیون و لە ڕێگەی ماڵپەڕەکانی چاودێریکردنی گەشتە ئاسمانییەکانەوە ئامادەیییان لە ئاسمانی ئێراندا تۆمار کراوە.
پێشتر سوپای ئەمریکا لە هێرشەکانی 28ی شوباتدا ئەم جۆرە فڕۆکەیەی بەکارھێنابوو، بەڵام لە شەپۆلی نوێی هێرشەکاندا کە پێش 12 ڕۆژ دەستیان پێکردبووەوە، بۆ یەکەمجارە زانیاری لەسەر بەکارهێنانەوەیان لەم ڕووبەڕووبوونەوانەی دواییدا بڵاودەکرێتەوە.
ئەمەش گرنگترین تایبەتمەندییەکانی فڕۆکە ستراتیژییەکەیە؛
باڵی گۆڕاو (Variable-Sweep Wings): گۆشەی باڵەکانی دەگۆڕێت؛ ئەمەش هاوکاری دەکات بە خێرایی بەرز لە ئاستێکی زۆر نزمی زەویدا بفڕێت بۆ تێپەڕاندنی ڕادارەکان.
خێرایی و مەودا: خێراییەکەی لە دەنگ خێراترە (1.2 Mach / 1,450 ک/ژ) و دەتوانێت زیاتر لە 12,000 کیلومەتر بەبێ وەستان و ڕاوەستان بفڕێت.
بەرزترین توانای بارهەڵگرتن: لە نێوان هەموو فڕۆکە بۆردومانکەرەکانی ئەمریکادا، زیاترین باری تەقەمەنی هەڵدەگرێت (تا 57 تۆن چەک لە ناوەوە و دەرەوەی فڕۆکەکە).
پێکانی ورد: مووشەکی کروز و جۆرەها بۆمبی زۆر وردی ڕێنماییکراو بە لێزەر و GPS (وەک JDAM) هەڵدەگرێت.
مەبەستی بەکارهێنان: بە تەواوەتی تەرخانکراوە بۆ ئۆپراسیۆنی سەربازیی نەریتی (غەیرە ئەتۆمی) و لێدانی ئامانجە زەمینییە ستراتیژییەکان.
