وادەی ڕووبەڕووبوونەوەی زەیدی و میلیشیاکان نزیک دەبێتەوە

پەرلەمانتارێکی عێراق ئاشکرای کرد کە دۆخی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت پێی ناوەتە قۆناغێکی زۆر جدییەوە و تەنیا چەند مانگێک ماوە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو دۆسیەیە.

موسەننا ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، زانیاریم هەیە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هەڕەشەی کردووە کە دەبێت تا مانگی ئەیلوولی داهاتوو دۆسیەی گروپە چەکدارەکان کۆتایی بێت و یەکلایی بكرێتەوە.

جەختیشی کردەوە لەوەی، “زەیدی هەڕەشەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپانەی کردووە کە نایانەوێت عێراق سەروەری خۆی بۆ بگەڕێتەوە و نایانەوێت دەوڵەتسازی لە عێراقدا سەربگرێت و دەیانەوێت لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، دەسەڵاتی تریش هەبن کە خاوەنی بڕیاری جەنگ و ئاشتی بن، خاوەنی هێزی سەربازی بن، لەگەڵ ئەو هێزە سەربازییەشدا خاوەنی هەژموونی خۆیان بن لە ناوچەکانی جیاوازی عێراقدا”.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ئەو پەرلەمانتارە روونی کردەوە کە ئەو گرووپە چەکدارانە توانای سەربازی و ڕێکخراوەیی خۆیان بەکارهێناوە بۆ کۆنترۆڵکردنی هەندێک شوێن و سەرانەوەرگرتن و دەستوەردان لە ئیرادەی هاووڵاتییان و پرۆسەی هەڵبژاردنەکان.

موسەننا ئەمین ڕاشیگەیاند، ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی پەرلەمانی ئێستای عێراق لە ڕێگەی گرووپەکانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکانەوە گەیشتوونەتە پەرلەمان، بەبێ ئەوەی پشتیوانییەکی ڕاستەقینەی شەقامی عێراقییان لەگەڵدا بێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە