وەزیری تەندروستی: نەخۆشخانەی هیوا جێگەی شانازیمانە

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی نەخۆشخانەی هیوای کرد و ڕایگەیاند، نەخۆشخانەی هیوا جێگەی شانازیمانە، هەربۆیە بەرنامەیان هەیە پەرەی زیاتر بە سەنتەرەکانی شێرپەنجە بدەن.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەکرد، بۆ ساڵی 2025، حکومەت بڕی 25 ملیار دیناری تەنیا بۆ دابینکردنی دەرمانی پێویست بۆ نەخۆشخانەی هیوا تەرخان کردووە، هاوکات بڕی 3 ملیار دیناری دیکەش بۆ کڕینی ئامێری پزیشکی بۆ هەمان نەخۆشخانە دابینکراوە.

وتیشی: “لە 6 مانگی یەکەمی ساڵی 2026دا، نزیکەی 12 ملیار دینار بۆ دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان خەرج کراوە”.

دکتۆر سامان بەرزنجی باسی لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەزارەت کرد و رایگەیاند، هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی ورد دەستپێکراوە بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی گەورە و مۆدێرن لە شاری سلێمانی بەناوی (نەخۆشخانەی هیوای گەورە)، بە ئامانجی فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکان و کەمکردنەوەی ئازاری نەخۆشانی شێرپەنجە.

وتیشی، “نەخۆشخانەی هیوا جێگەی شانازیمانە، هەربۆیە بەرنامەیان هەیە پەرەی زیاتر بە سەنتەرەکانی شێرپەنجە بدەین بەتایبەت لە قۆناغەکانی کۆتایی چارەسەر وەرگرتن و کەمکردنەوەی ئازارەکانیان لەو قۆناغەدا، هەرچەندە نەخۆشخانەی هیوا بارگرانی و فشارێکی زۆری لەسەرە و تێچووی چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجە زۆر بەرزە، بەجۆرێک تەنیا یەک ژەمی چارەسەر دەکرێت بگاتە هەزاران دۆلار سوپاسی خێرخوازانیش دەکەین بۆ بەشداربوونیان لە هاوکاریکردنی نەخۆشخانەکە”.

لای خۆشیەوە، د.سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند: نەخۆشخانەی هیوا یەکێکە لەو نەخۆشخانە گرنگانەی کە چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە پێشکەش بە هاووڵاتیانی سلێمانی هەرێمی کوردستان و عیراق دەکات.

‎راشیگەیاند: گفتوگۆی زۆرمان کرد لە بارەی پرۆژەی درووستکردنی نەخۆشخانەی هیوای گەورە و وەزیری تەندروستی پشتیوانی بۆ پرۆژەکە دەربڕی و بڕیاریدا بە وردی بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکات و پرۆژەکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە