گریگۆری لاجێفۆ، هەماهەنگیکاری نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان هاوبەشێکی کاریگەر و گرنگی وڵاتەکەیەتی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی ئەزموونی خزمەتکردنی لە عێراق و هەولێر، ئاشنایەتییەکی نزیکی لەگەڵ رۆڵ و قوربانیدانی پێشمەرگە هەیە.
لاجێفۆ لە لێدوانێکدا جەختی لەسەر پێویستی پاراستنی ئەو دەستکەوتانە کردەوە کە لە ئەنجامی تێکشکاندنی خەلافەتی داعش بەدەستهاتوون، وێڕای سەرکەوتنەکان، ئەو بەرپرسە ئەمریکییە هۆشداری دا کە هێشتا کاری زیاتر ماوە ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی رێگری لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، لاجێفۆ تیرۆری سیاسی بە مەترسییەک بۆ سەر پرۆسەی دیموکراسی ناوبرد و دووپاتی کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو جۆرە کردەوانەی کە ئامانجیان ترساندنی خەڵک و دوورخستنەوەیانە لە بەشداریکردن لە پرۆسە دیموکراسییەکان.
سەرچاوە؛ کوردستان24
