وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودیە گۆڕانکاری لە ماوەی کارایی ڤیزەی عومرەدا دەکات و نرخ و مەرجەکانیشی دەستنیشان دەکرێن. بەپێی زانیارییە نوێیەکانی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێم، لەمەودوا عومرەکاران دەتوانن بە یەک ڤیزە چەندین جار گەشت بکەن، بەڵام بە چەند مەرجێک.
ئەمڕۆ دووشەممە، کاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لەلێدوانێکیدا بۆ “تۆڕی میدیایی خەڵک” ڕایگەیاند، وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودیە بڕیاری داوە کە ماوەی کارایی ڤیزەی عومرە بکرێتە 365 ڕۆژ.
ڕوونیشیکردەوە کە عومرەکار دەتوانێت لە ماوەی ئەو ساڵەدا چەند جارێک گەشت بە هەمان ڤیزە بکات، بەڵام کۆی گشتی ئەو ڕۆژانەی کە بۆی هەیە لە سعوودیە بمێنێتەوە دەبێت لە 90 ڕۆژ زیاتر نەبێت.
واتە ئەگەر عومرەکارێک بە کۆی گشتی گەشتەکانی 90 ڕۆژ لە سعوودیە مایەوە، ئەوا دەبێت بۆ گەشتی نوێ سەرلەنوێ ڤیزە وەربگرێتەوە، تەنانەت ئەگەر ماوەی 365 ڕۆژی ڤیزەکەی پێشووشی تەواو نەبووبێت.
سەبارەت بە نرخەکانیش، کاروان ستوونی ڕایگەیاند، نرخی فەرمی ڤیزەکە 130 دۆلارە بۆ وشکانی، بەڵام لە کۆمپانیاکان بە 135-140 دۆلار وەریدەگرن و بۆ گەشتی ئاسمانیش دەگاتە 150 دۆلار، ئەویش بە هۆی ئەوەی کرێی هاتن و چوونی بۆ فڕۆکەخانەی دەخرێتە سەر.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند، تایبەتمەندییەکی دیکەی ڤیزەکە ئەوەیە کە لە وەرزی حەجدا کار بەو ڤیزەیە ناکرێت، واتە هاووڵاتی لە کاتی حەجدا ناتوانێت بە ڤیزەی عومرە داخڵی سعوودیە ببێت هەرچەند ماوەی ڤیزەی عومرەکە کارا بێت.
