چۆن کوالێتی سپێرم باشتر بکەین؟

بۆ ئەوەی کوالێتی و تەندروستیی سپێرم بەرز بکەیتەوە، ئەم پێنج هەنگاوە گرنگە پەیڕەو بکە:
١. خواردنی تەندروست و دژەئۆکسانەکان (Antioxidants): دژەئۆکسانەکان ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە پاراستنی سپێرم لە تێکچوون. گرنگی بەم جۆرە خۆراکانە بدە:
سەوزەوات، تەماتە، چەرەسات (بە تایبەت گوێز)، و ماسی.
وەرگرتنی ڤیتامینەکانی وەک Vitamin C, Vitamin E, Zinc, CoQ10 و Folic Acid (بێگومان بە ڕێنمایی پزیشکەکەت).
٢. دوورکەوتنەوە لە گەرمی توند: پلەی گەرمی بەرز دوژمنی یەکەمی کارگەی گونەکانە و سپێرم لەناو دەبات.
دووربکەوەرەوە لە حەمامی گەرم، ساونا، و جاکوزی.
لە کاتی کارکردندا لاپتۆپ یان مۆبایل بۆ ماوەی درێژ مەخەرە سەر ڕانت.
جلوبەرگی ژێرەوەی فراوان و کەتان بەکاربهێنە نەک جلی تەسک و نایلۆن.
٣. وازهێنان لە جگەرە، نێرگەلە و کحول: کێشانی جگەرە و نێرگەلە دەبێتە هۆی دروستبوونی ماددەی ژەهراوی لە خوێندا، ئەمەش بە شێوەیەکی کوشندە شێوەی سپێرم (Morphology) تێکدەدات و جووڵەکەی کەم دەکاتەوە.
٤. دابەزاندنی کێش و وەرزشی مامناوەند: قەڵەوی هاوسەنگیی هۆرمۆنەکان (تێستۆستیرۆن) تێکدەدات.
وەرزشکردنی ڕۆژانە (وەک ڕۆشتنی خێرا یان ڕاکردن) سووڕی خوێن لە ناوچەی حەوز و گونەکان دا چالاک دەکات، بەڵام دووربکەوەرەوە لەو وەرزشە توندانەی ماندوێتیی زۆر دروست دەکەن.
٥. دوورکەوتنەوە لە دڵەڕاوکێ و خەوی ڕێک:
ستێرس و دڵەڕاوکێ هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ بەرز دەکەنەوە، کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر بەرهەمهێنانی سپێرم هەیە.
شەوانە ٧ تا ٨ کاتژمێر خەوی ئارام یارمەتیدەرێکی گەورەیە.
تێبینیی گرنگ: سپێرم پێویستی بە نزیکەی ٧٤ ڕۆژ هەیە بۆ ئەوەی بە تەواوی گەشە بکات، بۆیە ئەو گۆڕانکارییە تەندروستانەی ئەمڕۆ لە شێوازی ژیانت دا دەیکەیت، دوای دوو مانگی تر ئەنجامە ئەرێنییەکەی دەبینیتەوە.
——–
دکتۆر هەڵۆ مصطفی ئۆرمزیار
پسپۆڕی نەخۆشییەکانی گورچیلە و میزەڕۆ، نه‌شتەرگەری پڕۆستات.
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە