فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) کوژران و بێسەروشوێنبوونی چەند سەربازێکی لە ئوردن ڕادەگەیەنێت
فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕاگەیەندراوێکی فەرمی سەبارەت بە زیانە گیانییەکانی هێزەکانی لە ئوردن بڵاوکردەوە، کە بەهۆی بەرپەرچدانەوەی هێرشە مووچەکی و درۆنییەکانی ئێرانەوە بووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکەی سێنتکۆم، وردەکاریی ڕووداوەکە بەم شێوەیەیە، لە ١٧ی تەمووزدا، دوو کارمەندی خزمەتگوزاریی سەربازیی ئەمریکا لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا لە ئوردن کوژران، ئەمەش لە کاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشە چڕەکانی ئێران بە مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن).
سێنتکۆم ئاشکرای کردووە، کە تاوەکو ئێستاش یەکێک لە سەربازەکانیان لە ڕووداوەکەدا بە بێسەروشوێنبووی ماوەتەوە.
چوار سەربازی ئەمریکی بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی ئوردن کران و دواتر دوای وەرگرتنی چارەسەر نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
بەشێکی دیکە لە کارمەندانی سەربازی کە بەهۆی پێکانە سووکەکانیانەوە خرابوونە ژێر پشکنینی پزیشکییەوە، گەڕاونەتەوە سەر کار و ئەرکەکانی خۆیان.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە لەبەر ڕێزگرتن لە تایبەتمەندێتی خێزانەکانیان، هیچ زانیارییەکی زیاتر یان ناسنامەی ئەو سەربازانەی کە گیانیان لەدەستداوە ئاشکرا ناکات، تاوەکو ٢٤ کاتژمێر بەسەر ئاگادارکردنەوەی فەرمیی کەسوکاریاندا تێنەپەڕێت.
