سزای سەر 7 بانکی عێراق هەڵگیرا

دوای کۆبوونەوەکانی لەگەڵ گەنجینەی ئەمریکا؛ بانکی ناوەندی گەڕانەوەی 7 بانکی عێراقی بۆ سیستمی دارایی نێودەوڵەتی ڕادەگەیەنێت.

له‌ چوارچێوه‌ی دەرەنجامەکانی سه‌ردانه‌ فەرمییەکەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ئاستبەرزی لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئەنجامدا.

کۆبوونەوەکان بە گەیشتنە تێگەیشتنێکی هاوبەش بۆ گەڕانەوەی بەشێک لە بانکە سزادراو و سنووردارکراوەکانی عێراق بۆ ناو سیستمی حەواڵە و مامەڵە داراییە نێودەوڵەتییەکان کۆتایی هات.

پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند، لە ئێستادا (7) بانکی عێراقی شیاون بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە و لە ڕێڕەوی حەواڵە دەرەکییەکاندا کار بکەن، بەڵام بۆ ئەو مامەڵانەی کە پەیوەست نین بە دۆلاری ئەمریکییەوە (واتە بە دراوەکانی دیکە).

ئەم بانکانا دوای ئەوە ڕێگەیان پێدراوە کە مەرج و پێوەرەکانی پابەندبوون، حوکمڕانی و قۆناغی یەکەمی چاکسازیی کەرتی بانکییان تەواو کردووە. ئەم بانکانە دوای بڕینی قۆناغەکانی دیکەی چاکسازی، مافی ئەوەشیان پێدەدرێتەوە کە مامەڵە بە دۆلاری ئەمریکیش بکەن.

بانکی ناوەندی جەختی لەسەر چەند خاڵێکی سەرەکی کردەوە بۆ داهاتووی کەرتی بانکی:

  • تێکەڵبوون بە سیستمی جیهانی: ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ستراتیژی گشتگیری بانکی ناوەندی بۆ مۆدێرنکردنی کەرتی بانکی، بەرزکردنەوەی توانای کێبڕکێ و گەڕاندنەوەی متمانە بۆ وڵاتانی دەرەوە بە ئابووری عێراق.

  • هەڵسەنگاندنی بەردەوام: بانکی ناوەندی بەردەوام دەبێت لە پێداچوونەوەی گشتگیر بۆ سەرجەم بانکەکان، بەتایبەت لە بوارەکانی: ڕێگری لە سپیکردنەوەی پارە، ڕووبەڕووبوونەوەی دارایی تیرۆر و بەڕێوەبردنی مەترسییەکان.

  • سزای توند بۆ سەرپێچیکاران: هۆشداری درایە هەر دامەزراوەیەکی دارایی کە پابەندی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان نەبێت؛ ڕێکاری توندی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر، لەوانەش: سنووردارکردن، ڕاگرتنی دەستڕاگەیشتن بە قاڵبە داراییە نێودەوڵەتییەکان، یان تەنانەت هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی کارکردنیان.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە