وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە، چوار ڕێنمایی نوێی ئاڕاستەی سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد. ئامانجی ئەم ڕێنماییانە پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی، کۆمەڵایەتی و سەقامگیری ئابووری هەرێمەکەیە لە کاتی ڕووماڵکردنی ڕووداوەکاندا.
لە ڕێنماییەکاندا داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کراوە کە لە کاتی ڕووماڵکردنی هێرشە درۆنییەکاندا، بەرپرسیارانە ڕەفتار بکەن و دووربکەونەوە لە هەر کارێک کە ببێتە هۆی دروستکردنی پشێوی و شڵەژانی کۆمەڵایەتی. هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی لە پێشینەی کارەکانیاندا بێت.
بەشێکی تری هۆشدارییەکە تایبەتە بە ڕێگریکردن لە تێکچوونی دۆخی دارایی و بازاڕ، بە شێوەیەک کە ڕووماڵە میدیاییەکان نەبنە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان و گرانبوونی بژێوی لەسەر هاووڵاتیان. بۆ ئەم مەبەستەش، وەزارەت داوا دەکات میدیاکان تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن و لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ، وێنە و ڤیدیۆی ناڕاست یان پڕوپاگەندە خۆیان بەدووربگرن.
لە کۆتاییدا، وەزارەتی ڕۆشنبیری هۆشداری داوە کە بە وردی چاودێری شێوازی ڕووماڵی میدیاکان دەکەن. هەر دەزگایەک پابەندی ئەم ڕێنماییانە نەبێت و ببێتە هۆی تێکدانی سەقامگیری، ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی و ڕێکاری پێویست دەبێتەوە.
