لە ناو پەرلەمانی عێراقدا هەوڵێکی فراوان دەستیپێکردووە بۆ کەمکردنەوەی تێچووی دەرهێنانی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی، بە جۆرێک نرخەکەی لە ٩٢ هەزار دینارەوە بۆ تەنها ١٠ هەزار دینار کەمبکرێتەوە.
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەكان، لە ئێستادا دەرهێنانی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی لە عێراق تەنها یەک ڕۆژی پێدەچێت، بەڵام تێچووەکەی گەیشتووەتە نزیکەی ٩٢ هەزار دینار، ئەمەش ناڕەزایەتی بەشێک لە پەرلەمانتارانی لێکەوتووەتەوە.
پەرلەمانتارانی عێراق پێشنیازێکی فەرميان ئاراستە کردووە و تێیدا ئاماژەیان بەوە کردووە، کە تێچووی ڕاستەقینەی دروستکردنی پاسپۆرتەکە تەنها ١٠ هەزار دینارە.
دەشڵێن: “ئەو پارە زیادەیەی کە لە هاووڵاتیان وەردەگیرێت، ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، بەڵکو دەچێتە گیرفانی کۆمپانیایەکی وەبەرهێنەرەوە”.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، لە ناو پەرلەمانی عێراق دەستکراوە بە کۆکردنەوەی واژۆ بۆ فشارخستنە سەر حکومەت و وەزارەتی ناوخۆ، تاوەکو پێداچوونەوە بە نرخەکەدا بکەن و تێچووەکە بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزێنن، بە ئامانجی کەمکردنەوەی ئەو بارگرانییە داراییەی کە کەوتووەتە سەر شانی هاووڵاتیان.
