وەزارەتی دارایی عێراق ئاماری دارایی پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵی بڵاوکردەوە، کە نیشان دەدات وڵاتەکە ڕووبەڕووی کورتهێنانێکی دارایی بە بڕی 12 تریلیۆن و 950 ملیار دینار بووەتەوە. بەپێی داتا فەرمییەکان، کۆی داهاتی عێراق لەو ماوەیەدا 33 تریلیۆن و 747 ملیار دینار بووە، کە زۆرینەی بە ڕێژەی 84% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت.
خەرجییەکانی حکومەتی عێراق لەو ماوەیەدا گەیشتووەتە 46 تریلیۆن و 697 ملیار دینار، کە 97.2%ـی بۆ خەرجیی بەکاربردن و مووچە تەرخانکراوە و تەنیا 2.8% بۆ کەرتی وەبەرهێنان بووە. وەزارەتی دارایی عێراق زۆرترین پشکی خەرجییەکانی بەکارهێناوە کە زیاتر لە 11 تریلیۆن دینارە، دوای ئەو وەزارەتەکانی ناوخۆ و پەروەردە دێن.
سەبارەت بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی فیدراڵ بڕی 5 تریلیۆن و 158 ملیار دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕەوانە کردووە. لە بەرامبەردا، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بڕی 453 ملیار و 386 ملیۆن دینار داهاتی نانەوتی ڕادەستی بەغداد کردووە، هەرچەندە لە مانگی ئایاردا بڕی 70 ملیار دینار لە تەمویلی مووچەی هەرێم وەک پشکی داهاتی نانەوتی بڕدراوە.
