بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەمپی ئاوارەکانی نووسەیرات لە ناوەڕاستی کەرتی غەزە، ژمارەیەک هاووڵاتیی فەڵەستینی گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون.
مەحموود بەسەل، وتەبێژی بەرگری شارستانی لە غەزە ڕایگەیاند، هێرشەکە لە کاتێکدا ئەنجامدراوە کە مەراسیمی بەخاکسپاردنێک بەڕێوەدەچوو. بەگوێرەی ئامارەکان، لەو هێرشەدا ٨ کەس کوژراون و ٢٢ کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە بەرامبەردا، سوپای ئیسرائیل ئەنجامدانی هێرشەکەی پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجیان تێکشکاندنی شانەیەکی چەکداری سەر بە ڕێکخراوی جیهادی ئیسلامی بووە لەو ناوچەیە.
