سوپای پاسدارانی ئێران لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا، هەڕەشەی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت و گازی لە ناوچەکە کرد. سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە کە تا ئەو کاتەی “جووڵەکانی ئەمریکا” لە ناوچەی کەنداو بەردەوام بن، ڕێگری لە هەناردەکردنی هەر بڕە وزەیەک لە ناوچەکەوە دەگرن.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەڕەشانەدا، سوپای پاسداران ڕایگەیاند کە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی سەربازی “تەنەف” لە سووریا. ئەم بنکەیە پێشتر وەک شوێنی جێگیربوونی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەناسرا.
لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگریی سووریا ئاشکرای کردووە کە هێزەکانی ئەمریکا لە مانگی شوباتەوە لە بنکەی تەنەف کشاونەتەوە و لە ئێستادا ناوچەکە لەژێر کۆنتڕۆڵی سوپای سووریادایە. تا ئێستا لایەنی ئەمریکی هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی سەبارەت بەو هێرشە و وردەکارییەکانی بڵاونەکردووەتەوە.
