وزیر دەرەوەی ئێران: ئیسرائیل واشنتۆن بەرەو جەنگێکی تاقەتپڕوکێن دەبات
عباس عراقچی، وزیر دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ هەینی تۆمەتی ئەوەی خستە پاڵ ئیسرائیل کە هەوڵ دەدات ئیدارەی ئەمریکا بەرەو جەنگێک ڕابکێشێت کە ناتوانێت تێیدا سەرکەوتوو بێت.
عراقچی لە تویتێکدا لە پلاتفۆرمی “ئێکس” ئاماژەی بەوە کرد، کە ئیسرائیل کەمپەینێکی بەرفراوانی دەستپێکردووە بۆ کاریگەری دانان لەسەر ئیدارەی ئەمریکا و هاندانی بۆ ئەوەی بکەوێتە ناو جەنگێکەوە کە خۆی هەڵیبژاردووە و ناتوانێت تێیدا سەرکەوتوو بێت.
ئەو وتی: “ئەمریکییەکان هۆشداری لە هەژموونی بیانی دەدەن، بەڵام سەبارەت بە کەمپەینی بەرفراوانی زایۆنیستەکان بۆ فریودانی ئیدارەی ئەمریکا و ڕاکێشانی بەرەو جەنگێک کە ناتوانێت تێیدا سەرکەوتوو بێت چی دەڵێن؟”.
عراقچی هەروەها وتی ئیسرائیل پارەی باجدەرانی ئەمریکی بەکاردەهێنێت بۆ بێدەنگکردنی هەر ڕەخنەگرێکی ئەمریکی. ئەم لێدوانانە لەکاتێکدا دێن کە چەند هێرشێک کراوەتە سەر پردەکان لە ناوشار و دەوروبەری بەندەر عەباس، کە یەکێکە لە گرنگترین ناوەندە سەربازی و دەریاییەکانی ئێران، و بووەتە هۆی داخستنی ڕێگا سەرەکییەکان.
