چەمچەماڵ؛ درۆنێک لە ئاخجەلەر کەوتە خوارەوە و بووە هۆی سووتانی زیاتر لە ١٥ دۆنم زەوی
ئەمڕۆ لە گوندی کانی هەنجیری سەر بە شارەدێی ئاخجەلەر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، درۆنێک کەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە ئاگرێکی گەورە لە زەوی و زار و دەشتی ئەو ناوچەیەدا کەوتەوە.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئاگرەکە زیاتر لە ١٥ دۆنم لە پوش و پاوانی ناوچەکەی سووتاندووە، بەڵام دوای هەوڵێکی زۆر و چڕی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، دواجار توانرا ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ بکرێت و ڕێگری لە تەشەنەسەندنی زیاتری بکرێت بۆ ناوچەکانی دەوروبەری.
لە ئێستادا هێزە ئەمنییەکان بە چڕی لە شوێنی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکە جێگیربوون، چونکە بەشێکی درۆنەکە کە بووەتە دوو پارچەوە، هێشتا نەتەقیوەتەوە و مەترسیی لەسەر ناوچەکە هەیە.
پاشماوەی درۆنەکە لە شوێنی ڕووداوەکە هێڵدراوەتەوە و هێزە ئەمنییەکان سەرجەم ڕێکارە پێویستەکانیان بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و پاراستنی ناوچەکە گرتووەتە بەر تاوەکو تیمە تایبەتەکان پاشماوەکە کۆدەکەنەوە.
