قۆناغێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی لە سلێمانی دەستپێدەکات

لە سلێمانی قۆناغێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی دەستپێدەکات و وتەبێژی شارەوانیش دەڵێت، تا یەک فەرمانبەر مابێت پرۆسەکە بەردەوام دەبێت.

ئەنجوومەن حەسەن، وتەبێژی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، لە چوارچێوەی پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، لیژنەیەکیان لە نوێنەری زۆرینەی فەرمانگە و دامەزروەکان پێکهێناوە و دۆسیەی دابەشکردنی زەوی بەو لیژنەیە سپێردراوە.

وتیشی: لیژنەکە سێ شوێنی بۆ دابەشکردنی زەوی لە سێ ناوچەی سلێمانی دەستنیشان کردووە، وەک شارەوانی پێویستیان بە 73 هەزار پارچە زەوییە بۆ ئەوەی تەواوی فەرمانبەران سوودمەند بن.

ئەوەشی خستەڕوو کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 23 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنووری سلێمانی دابەشکراون و بەمزووانەش قۆناغێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی رادەگەیەندرێت.

ئەنجوومەن حەسەن هەروەها باسی لەوەشکرد، دواکەوتنی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەهۆی کێشەی موڵکداری و کوژاندنەوەی زەوییەکانەوە بووە، بەڵام رێکارەکان تەواوکراون بۆ ئەوەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەردەوام بێت، دڵنیایشی دا تا یەک فەرمانبەر مابێت پرۆسەکە بەردەوام دەبێت.

سەبارەت بە تاپۆکردنی زەوییەکان لەسەر فەرمانبەران، ئەنجوومەن حەسەن رایگەیاند، نووسراویان کردووە و چاوەڕێی تەواوکردنی رێکارەکانن لەلایەن فەرمانگەکانی دیکەوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا پرۆسەکە دەستپێدەکات و فەرمانبەران دەتوانن زەویییەکانیان تاپۆ بکەن، گوتیشی، تاپۆکردنی زەوییەکان تەنیا پەیوەندی بە شارەوانییەوە نییە، بۆیە دواکەوتووە.

لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی زیاتر لە 23 هەزار پارچە زەوی دابەشکراون و تاوەکو ئێستا 50 هەزار پارچە زەوی ماون بەسەر فەرمانبەران دابەش بکرێن.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە