لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی گەندەڵەییەکەی بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بەردەوامە و دەست بەسەر بڕێکی زۆر پارە و زێڕی دیکەدا گیرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەسەڵاتی دادوەری عێراق ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەکەی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوتدا، دەستیان بەسەر 25 ملیار دینار و 200 هەزار دۆلار و چوار کیلۆ زێڕی دیکەدا گرت.
ڕوونیشیکردەوە کە پارە و زێرەکان لای چەند کەسێک دانرابوون و بەشێکیشیان لە نێو دیواردا شاردرابوونەوە.
دەسەڵاتی دادوەری عێراق ڕاشیگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەکە و هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی تێوەگلاون، بەردەوامن.
