عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی لە میانی سەردانێکیدا بۆ پارێزگای ئەنبار و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک هۆزەکان، جەختی لەوە کردەوە کە کۆکردنەوە و کۆنترۆڵکردنی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا، پێویستییەکی نیشتمانی و دەستوورییە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە سەرجەم کابینە وەزارییەکانی عێراق لە کارنامەکانیاندا جەختیان لەم بابەتە کردووەتەوە و مەرجەعیەتی ئایینیش داوای ئەنجامدانی دەکات.
حەکیم هەروەها ڕایگەیاند کە بەپێی دەستووری عێراق، بڕیاری جەنگ و ئاشتی تەنها لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی نوێنەراندایە. ئەو جەختی لە سەروەریی عێراق و شەرعییەتی حکومەتی هەڵبژێردراو کردەوە و بە پێویستی زانی دۆخی نێودەوڵەتی و بەرژەوەندییەکانی وڵات لەبەرچاو بگیرێت بۆ کۆتاییهێنان بە دیاردەی چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە دۆسیەی گەندەڵی، عەممار حەکیم ڕایگەیاند کە نابێت کەسێک تەنها لەسەر بنەمای دانپێدانانی کەسێکی دیکە بە تاوانبار دابنرێت. ئەو جەختی کردەوە کە تۆمەتبار تا کاتی سەلماندنی تاوانەکەی لەلایەن دادگاوە بێتاوانە و نابێت پێش لێکۆڵینەوە و بڕیاری دادگا، کەس بە گەندەڵ لەقەڵەم بدرێت.
