بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، کاروانێکی ئاوارەکانی عەفرین بەرەو زێدی خۆیان بەڕێکەوتن، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنامەی ٢٩ی کانوونی دووەمدا کە لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی کاتیی سووریا واژۆ کراوە، کە جەخت لە ئاسانکاریی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەکاتەوە.
لە کاتی بەڕێکەوتنی کاروانەکەدا، هەریەکە لە سیامەند عەفرین، جێگری هێزەکانی ئاسایشی گشتی لە پارێزگای حەسەکە، لەگەڵ مستەفا عەبدی، ئەندامی تیمی سەرۆکایەتیی ڕاسپێردراو بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەم، ئامادە بوون.
مستەفا عەبدی لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “کاروانەکەی ئەمڕۆ دوایین کاروانی ئاوارەکانی عەفرینە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەی ٢٩ی کانوونی دووەمدا”.
وتیشی: “ڕێوشوێن و هەنگاوەکان بەردەوامن بۆ دەستپێکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێ کانی بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەمەش دوای تەواوبوونی پرۆسەی پاککردنەوەی ناوچەکە لە مین”.
عەبدی ڕوونیکردەوە کە کارەکان بەردەوامن بۆ خستنەگەڕی وێستگەی عەلۆک و بەردانەوەی ئاو، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە شاندێکی دادوەری لە بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر سەردانی دیمەشقیان کردووە و لەگەڵ وەزارەتی داد کۆبوونەتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەی ٢٩ی کانوونی دووەم و لە پێناو پرۆسەی تێکەڵاوبوونەوەدا؛ هاوکات کارەکان بەردەوامن بۆ کردنەوەی دامەزراوە حکومییەکانی تایبەت بە ناسنامە و پاسپۆرت لە ماوەی داهاتوودا.
بڕیاریشە کاروانەکە ئێوارەی ئەمڕۆ بگاتە عەفرین.


