وەزارەتی کارەبا: هەر هاوبەشێک 50 رۆژ پارە نەدات کارەباکەی دەبڕدرێت

وەزارەتى کارەباى حکومەتی هەرێمى کوردستان رایگەیاند، دوای دەرچوونی پسووڵەی کارەبا، هەر هاوبەشێک لە ماوەی 50 رۆژدا پارە نەدات کارەباکەی دەبڕدرێت.

بەگوێرەى ڕاگەیەنراوێکى وەزارەتى کارەبا، لە پاش دەرچوونى پسوڵەى مانگانە، هاوبەشان تەنیا 50 ڕۆژیان لەبەردەمدایە بۆ ئەوەى پارەى کارەباکەیان بدەن. ئەگەر لەو ماوەیەدا پارەکە خەرج نەکرێت، خزمەتگوزاریى کارەباى ئەو هاوبەشە بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ دەبڕدرێت. ئەم بڕیارە لە ئێستادا تەنیا پڕۆژەى ڕووناکى و کرێى مانگانە دەگرێتەوە.

وەزارەتى کارەبا ڕوونی کردووەتەوە، کە ئەم مۆڵەتەى دیاریکراوە قەرزە کۆنەکان ناگرێتەوە. بڕیارى بڕینى کارەبا تەنیا بۆ کرێى نوێى مانگانەیە و سەبارەت بە قەرزە کۆنەکان، وەزارەت ئاماژەى بەوە کردووە کە لە داهاتوویەکى نزیکدا ڕێکار و ڕێنمایی تایبەت بۆ چۆنیەتى گەڕاندنەوەى ئەو قەرزانە ڕادەگەیەنرێت.

بۆ ئەوەى هاوبەشان ئاگادارى وادەى بڕینى کارەباکەیان بن، وەزارەتى کارەبا لە ڕێگەى کورتەنامەوە (SMS) و بە چوار قۆناغی جیاواز ئاگادارییان بۆ ڕەوانە دەکات. ئەگەر هاوبەشەکە پاش ئەو ئاگادارکردنەوانە هەر پارەکە نەدات، سیستمەکە بە شێوەى ئۆتۆماتیکى کارەباکەى دەبڕێت و چیتر فەرمانبەرى وەزارەت بۆ بڕینى کارەبا ناچێتە شوێنى مەبەست.

لە حاڵەتى بڕینى کارەبادا، هاوبەشان دەتوانن لە ڕێگەى پسوڵەکەیانەوە پارەکە بدەن و لەو کاتەدا لە ماوەى 24 کاتژمێردا کارەباکەیان بۆ دەگەڕێتەوە. بەڵام وەزارەت هۆشدارى دەدات کە ئەگەر هاوبەشەکە بچێتە بەشى فرۆشتنى وزە بۆ پێدانى پارەکە، ڕەنگە پڕۆسەى گەڕاندنەوەى کارەباکەى کاتێکى زۆرتر بخایەنێت و دوابکەوێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە