لە دادگای فیدڕاڵی 5 داوا لەسەر حكومەتی هەرێم تۆماركرا

لە دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراقەوە چەندین داوا لە دژی حكومەتی هەرێم تۆمار كراوە و ڕۆژی 4ی ئاب دادبینی تێدا دەكرێت.

بەپێی بەدواداچوونی (خەڵك)، لە دادگای فیدڕاڵی عێراق ژمارەیەك فەرمانبەری هەرێم سكاڵایان لە دژی سەرۆكی حكومەتی هەرێم تۆمار كردووە بەهۆی ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانەوە لە ساڵی 2016ەوە، كە ماوەی 10 ساڵە ئەو مافە یاساییە بە بڕیاری حكومەتی هەرێم ڕاگیراوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە و پێدانەوەی مافەكانی فەرمانبەران لە كاتی شایستەبوونەوە دەكەن.

داواكە ژمارە (183/فیدڕاڵی/2026)ی پێ‌ دراوە و لە ڕۆژی 4ی ئاب دادبینی تێدا دەكرێت.

هاوكات 4 داوای دیكە لەلایەن (وەزیری دارایی عێراق و بانكی ڕافیدەین و بانكی ڕەشید و كۆمپانیای گشتی تەئمین) لە دژی حكومەتی هەرێم تۆمار كراوە بەهۆی ئەوەی موڵك و ماڵەكانی دامەزراوە فیدڕاڵییەكان لە ساڵی 1992 بە بڕیاری ژمارە (3326)ی حكومەتی هەرێم كراون بە ناوی وەزارەتی داراییەوە.

داواكاران لە داواكاندا داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەی حكومەتی هەرێم و گێڕانەوەی موڵكەكانی ئەو دامەزراوانە لە شارەكانی هەرێم بۆ حكومەتی فیدڕاڵی دەكەن.

هەر بەپێی بەدواداچوونی (خەڵك) ئەو 4 سكاڵایەش لە ڕۆژی 4ی ئاب دادبینی تێدا دەكرێت.

لای خۆشیەوە، مامۆستا دڵشاد میرانی، مامۆستای ناڕازی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە، “پیرۆزە لە مووچە دزراوەكانی نیشتمان، كۆڵنادەین و لە ڕێگای دادگاوە بە سزای گەلیان دەگەیەنین و لە 4ی 8 سكاڵای پلەبەرزكردنەوە لە دادگای فیدڕاڵی دەبینرێت”.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە