مووچەی مانگی شەشی هەزاران کەس رادەگیرێت

بەرپرسی بانكێكی وەزارەتی دارایی، مووچەخۆران و فەرمانبەران لە دوو بڕیاری پەیوەست بە مووچە ئاگادار دەكاتەوە و جەخت دەكاتەوە کە، “ئەوانەی فۆرمی (هەژماری من)یان پڕ نەكردووەتەوە، مووچەی مانگی شەشەیان پێ نادرێت”.

فریاد فاخیر، بەڕێوەبەری بانکی سەروەران بە میدیای پارتی ڕاگەیاند: “مووچەخۆران و فەرمانبەران، ئەوانەی فۆرمی (هەژماری من)یان پڕ نەكردووەتەوە، مووچەی مانگی شەشەیان پێ نادرێت تا خۆیان تۆمار نەكەن و فۆرم پڕ نەكەنەوە”.

دەربارەی ئەوانەی كارتی بانكییان دەرچووە و وەریان نەگرتووەتەوە، ئەو بەرپرسەی بانك وتی: “ئەوەی كارتی دەرچووە و وەری نەگرتووەتەوە لە لیستی مووچە لە بانك ئاماژەی پێ دراوە و ئاگادار دەكرێتەوە كارتی بانكی خۆی وەربگرێتەوە”.

باسی لەوەشکرد، “وردەكاریی ئەوە بە مووچەخۆران دەدرێت كە لە چ بانكێك كارتی خۆیان وەرگرنەوە، ئەوەی كارتەكەی وەرنەگرێتەوە بەرپرسیار دەبێ لە وەرنەگرتنی مووچەكەی”.

ئاشكراشی كرد، تەنیا لە بانكەمەی ئەوان زیاتر لە سێ هەزار كارتی بانكی دەرچووە و مووچەخۆران وەریان نەگرتووەتەوە.

وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی كوردستان لە نووسراوێكدا كە لە 22ی حوزەیرانی2026 دەرچووە، جەختی كردووەتەوە: “بەپێی بڕیاری حكوومەتی فیدراڵ هەر فەرمانبەرێك تا 31ی ئابی 2026، ئەگەر خۆی تۆمار نەكردبێـت و كارتە بانكییەكەی وەرنەگرتبێتەوە، شایستە داراییەكەی و مووچەكەی لە لایەن حكومەتی فیدراڵ رادەگیرێت و نانێردرێت بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان.

بەپێی راگەیاندراوێكی وەزارەتی دارایی تا 2ی حوزەیرانی 2026، ملیۆنێك و 168 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر لە (هەژماری من) تۆمار کراون و زیاتر لە 830 هەزار کارتی بانکی دابەش کراوە و بۆ مووچەی مانگی ئایاریش 800 هەزار کەس لە ڕێگەی 635 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM)ەوە مووچەیان وەرگرتووە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە