ڕەمزی کارتاڵ، هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل، لە بارەی داهاتووی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا هۆشدارییەکی توندی دا و ڕایگەیاند کە هەر هەوڵێک بۆ داڕشتنی یاسای چوارچێوە بەبێ بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی عەبدوڵا ئۆجەلان و تەڤگەری ئازادی، پرۆسەکە پەکدەخات و بە مردوویی لەدایک دەبێت.
کارتاڵ ئاماژەی بەوە کرد کە لە ٢٤ـی ئایارەوە هیچ دیدارێک لەگەڵ ئۆجەلان ئەنجام نەدراوە، ئەمەش گومانی لەسەر جدییەتی حکومەت دروست کردووە. ناوبراو جەختی کردەوە کە پێویستە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە و دابەزینی گەریلا لە چیاکان، ئۆجەلان مەرجی ئازادانەی کارکردنی هەبێت و ڕێگە بە پارێزەران و شاندی ئیمراڵی بدرێت چاویان پێی بکەوێت.
هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل ڕەخنەی لە مۆدێلە کلاسیکییەکان وەک یاسای پەشیمانی گرت و بە بێ سوود وەسفی کردن. ئەو داوای کرد حکومەتی تورکیا لە عەقڵییەتی تاکلایەنە پاشەکشە بکات و لە ڕێگەی دیالۆگ و ڕێککەوتنی هاوبەشەوە، زەمینەیەکی یاسایی نوێ بۆ متمانەی ڕاستەقینە لە نێوان لایەنەکاندا بڕەخسێنێت.
