وەزارەتی بازرگانی خزمەتگوزاریی گواستنەوەی فۆڕمی خۆراک لە بریکارێکەوە بۆ بریکارێکی تر بە ئەلیکترۆنی ڕاگەیاند
وەزارەتی بازرگانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە (١٣ی تەممووزی ٢٠٢٦)، ڕاگەیاندنی خزمەتگوزارییەکی نوێی دیجیتاڵی بۆ ئاسانکاریی هاوڵاتیان ڕاگەیاند، کە تایبەتە بە گواستنەوەی ناوی هاوڵاتیان لە بریکارێکی خۆراکەوە بۆ بریکارێکی تر.
بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمیی نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی بازرگانی، خزمەتگوزاریی گواستنەوە لە نێوان بریکارەکانی خۆراکدا (بریکاری تموینی) بەشێوەی ئەلیکترۆنی لە بەغدای پایتەخت و تەواوی پارێزگاکانی دیکەی عێراقدا لە ڕێگەی “بەرنامەی کارتی خۆراکی ئەلیکترۆنی” (البطاقة التموينية الإلكترونية) کەوتووەتە گەڕ.
تاڵب حەسەن نیعنە، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پلان دانان و بەدواداچوون لە وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە کە ئەم کارە بەشێکە لە پلانی فراوانی وەزارەت بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکانی کارتی خۆراک و ئاسانکاریی کارگێڕی بۆ هاوڵاتیان لە ڕێگەی بەکارهێنانی سیستەمە تەکنەلۆژییە هاوچەرخەکانەوە.
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم خزمەتگوزارییە نوێیە بریتین لە:
کەمکردنەوەی تێچوو و کات: گەڕاندنەوەی کات و ماندووبوونی هاوڵاتیان لە کاتی گواستنەوەی ناویان.
کۆتاییهێنان بە ڕۆتین: بنبڕکردن و کەمکردنەوەی مامەڵەی کاغەزی و سەردانی چەندبارەی فەرمانگەکان.
پرۆسەی گۆڕانی دیجیتاڵی: هێنانەدی ئامانجی گۆڕانی دیجیتاڵیی گشتگیر کە وەزارەت لە تەواوی جومگەکانی سیستەمی کارتی خۆراکدا جێبەجێی دەکات.
