یەکێتیی مامۆستایان لەبارەی مووچەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان نیگەرانیی خۆی لە دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە دەربڕی و داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە بە شێوەیەکی فەرمی مامۆستایان و فەرمانبەران لە چارەنووسی شایستە داراییەکانیان دڵنیا بکاتەوە.

ئەم داواکارییە لە کاتێکدایە کە دۆخی دارایی فیدراڵ بەدەست کێشەی نەختینەییەوە (سیولە) دەناڵێنێت؛ هەرچەندە فەرمانبەرانی هەرێم بەر لە جەژنی قوربان مووچەی مانگی پێنج (ئایار)ـیان وەرگرتووە، بەڵام تا ئێستا مووچەی مانگی شەش (حوزەیران) لە بەغدادەوە ڕەوانە نەکراوە، سەرەڕای ئەوەی فالح ساری، وەزیری دارایی فیدراڵ لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان جەختی لەسەر پابەندیی حکومەت بە خەرجکردنی مووچە کردووەتەوە.

لەبارەی ماوەی دواکەوتنی مووچەکەوە، ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان باسی لەوەكردووە، ماوەی 45 ڕۆژە هیچ مووچەیەک دابەش نەکراوە.

ناوبراو داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد زانیاریی ڕوون و دڵنیابەخش لەبارەی هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بخاتە ڕوو، بۆ ئەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان لە ڕاستیی دۆخەکە تێبگەن و لە ناو چاوەڕوانییەکی نادیاردا نەمێننەوە.

سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان لە کۆتاییدا ئاماژەی بە ڕەهەندە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ئەم بابەتە کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی مافی مووچە و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ فەرمانبەران و خێزانەکانیان پێویستییەکی سەرەکی و بنەڕەتییە.

هەروەک دووپاتی کردەوە کە دابینکردنی مووچە لە کاتی خۆیدا، متمانەی نێوان هاووڵاتیان و حکومەت بەهێزتر دەکات و دەبێتە پاڵنەرێکی سەرەکی بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بتوانێت بەسەر ئەم قۆناغە دژوارە ئابوورییەدا زاڵ بێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە