شارەزایەكی كەشناسی ڕەتی دەكاتەوە پلەكانی گەرما بگەنە 54 پلەی سەدی و پێی وایە، “پلەكانی گەرما لە ئاستی ئاساییدا دەبن و تەنانەت لە گەرمیانیش ناگەنە 50 پلە”.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، دەنگۆیەک بڵاوبۆتەوە کەگوایە پلەکانی گەرما دەگاتە نێوان 50 بۆ 54 یان نزیک 50 لەهەرێم لەهەفتەی داهاتوودا، من لێرەوە بەهەموو لایەک ڕادەگەیەنم هیچ شتێکی وا لە ئارادانیە.
دەشڵێت: ئیشی بەرگری شارستانی نیە زانیاری کەشوهەوا بداتە میدیا یان هەواڵی وا بڵاو بکاتەوە بێ پشت بەستن بەهیچ بنەمایەکی زانستی، چونكە لەهیچ شوێنێك تەنانەت هەرە ناوچە گەرمەکانی گەرمیانیش ناگاتە 50 نەک 54 تەنانەت نزیک نابێتەوە لە 50 پلەش.
وتیشی، “ئەوەی هەیە بۆ هەفتەی داهاتوو تەنیا 2 تا 3 پلە بەرز دەبێتەوە ئەمەش حاڵەتێکی ئاساییە و پێویست ناکات خەڵک بخرێتە دڵەڕاوکێوە”.
ئەو کەشناسە ئاماژەی بەوەشدا، ئەوەی هەیە تا ئێستا هیچ شەپۆلی گەرمای بەهێز و مەترسیدار دوور و نزیک بۆ ناوچەکانمان لە ئارادانیە، هەفتەی داهاتوو تەنیا بەشێوەی تەدریجی لەسەرخۆ و کەم پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە ئەمەش دۆخێکی ئاسایی دەڕەخسێنێت.
