عێراق.. بەهۆی گومان لە تووشبوون بە تای خوێنبەربوون قەدەغەی هاتووچۆی ئاژەڵ لە بەعاج ڕاگەیەندرا.
نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە بڵاوبوونەوە لە پارێزگای نەینەوا بەردەوامە و لە نوێترین ڕێکاری خۆپارێزیشدا، بڕیاری قەدەغەکردنی هاتووچۆی ئاژەڵان لە قەزای بەعاج دەرکرا.
دوای تۆمارکردنی حاڵەتێکی گۆمان لێکراو بە تووشبوون بە ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون لە سنوورەکە، لایەنە پەیوەندیدارەکان بڕیاریان دا بە قەدەغەکردنی تەواوی جووڵە و گواستنەوەی ئاژەڵان (هاتن و چوون) بۆ ناوەوە و دەرەوەی قەزای بەعاج. ئەم بڕیارە بۆ ماوەی 14ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵە بەپەلەکانی تەندروستی و ڤێتێرنەری دێت بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە و ڕێگریکردن لە گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بۆ ناوچەکانی دیکەی پارێزگای نەینەوا، بەتایبەت کە نەخۆشییەکە لە ڕێگەی مەڕوماڵات و گەنەوە بە خێرایی دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.
