تادێتت دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دوادەكەوێت، ئەمەش بەهۆی ململانێی هەولێر و بەغدا لەسەر داهاتی ناوخۆ، كە بەرپرسانی هەرێم دەڵێن: 120 ملیارمان نییە بیدەین بە بەغدا و ئەو پارەیە نایاساییە، بەغداش سوورە لەسەر جێبەجێ كردنی ئەو بڕیارەی، كە ئەو بڕەی پێ دیاری كراوە و پێشتر ڕێككەوتنی لەسەر كراوە، هاوكات پەرلەمانتارێكی كورد دەڵێت: عێراق کێشەی کەمبوونەوەی داهاتی هەیە.
سبەینێ یەك شەممە 12ی تەمموز ماوەی 45 ڕۆژ تێدەپەڕێت بەسەر دابەشكردنی مووچەی مانگی 5 لە 26ی 5دا و هێشتا وادەی دابەشكردنی مووچەی مانگی 6 نادیارە، كە خەریكە دەگەینە نیوەی مانگی تەمموز.
دیلان غەفور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە، عێراق لە دۆخێکی دارایی دژواردایە و داهات تەواو کەمبووەتەوە، لە سەردانی هەفتەی ڕابردووی وەزیری دارایی بۆ لیژنەی دارایی پەرلەمان بە وردی باسی دۆخی ئابوری و کەمبوونەوەی داهات و هەنگاوەکانی حکومەتی کرد لەپێناو زیادکردنی داهات.
دەشڵێت: بەهۆی نەفرۆشتنی نەوت و داخرانی گەرووی هورمز، سەرچاوەی سەرەکی داهاتی وڵات کە فرۆشتنی نەوتە تووشی گرفت بووە، حکومەت کاردەکات بۆ فرەسەرچاوەکردنی داهات و ئێمەش لە پەرلەمانەوە پشتیوانیی دەکەین.
ئاماژەی بەوەشداوە، لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتی دارایی شەش پڕۆژە یاسای ئامادەکردووە و ڕادەستی لیژنەی دارایی کردووە کە ئامانج لێیان زیادکردنی داهاتە لە ڕێی چاکسازیی وەبەرهێنان، بەکارهێنانی زەوی کشتوکاڵی، فرۆشتنی موڵکەکانی وەزارەتی دارایی، مۆڵەتی فەرمانبەران و گواستنەوەیان بۆ کەرتی تایبەت لە پێناو کەمکردنەوەی فشارەکانی سەر پارەی مووچە.
ئاشكراشی كردووە، حکومەتی عێراق قەرزێکی زۆری ناوخۆیی و دەرەکیی لەسەرە و بەدوای ڕێگەچارەی گونجاودا دەگەڕێت بۆ دانەوەی قەرزەکان، یەکێک لەوانەش فرۆشتنی موڵک و ماڵی دەوڵەتە.
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، “لەبارەی پڕۆژە یاسای بودجە، حکومەت کاری لەسەر دەکات و بۆ ساڵی داهاتوو یاسای بودجەی دەبێت و بودجە لە شێوازی بنودەوە دەگۆڕێت بۆ بەرنامج، ئەم شێوازی بودجەیەش لە وەزارەتەکاندا سەرەتا لە وەزارەتی کارەبا جێبەجێ دەکرێت و لە پارێزگاکانیش لە سەلاحەدین و دیوانیە جێبەجێ دەکرێت”.
سەرەتای هەفتەی ڕابردوو (خەڵك) بڵاویكردەوە، كە دابەشكردنی مووچەی مانگی 6 زیاتر دوادەكەوێت، بەو پێیەی وەزیری دارایی بە پەرلەمانتارانی كوردی ڕاگەیاندووە، بەهۆی كەمی پارەی كاشەوە مووچەی هەرێمی نەناردووە و هەركات بانكی ناوەندی پارە دابین بكات، مووچە دەنێرێت.
بەڵام میدیاكانی نزیك لە بەرپرسانی حكومەت وایان بەگوێی فەرمانبەراندا دەدا، كە ناردنی مووچە لەلایەن فالج ساری، وەزیری دارایی عێراق واژۆ كراوە و بەزوویی دەگات.
هاوكات، هەر ئەمڕۆ، سیپان شێروانی، پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا دانی بەو ڕاستیەدا نا، كە “هەتاكو كێشەی ئەسكۆدا لەنێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر نەبێت، كێشەی مووچە هەر دەمێنێت”.
