پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا دەربارەی پڕۆسەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، كە عێراق دەستی پێكردووە ڕایدەگەیەنێت، پەرلەمانتاران بەو مووچەیەی وەریدەگرن دەوڵەمەند نابن و نابنە خاوەنی خانوو و ئۆتۆمبێلی ملیۆن دۆلاری.
سروە محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، پەرلەمانتار ناتوانێت بەو مووچەیەی کە هەیەتی، دەوڵەمەند ببێت، هەروەها نابێتە خاوەنی خانوو و ئۆتۆمبێلی ملیۆن دۆلاری و کاروانی ئۆتۆمبێل بەدوایەوە نابێت.
وتیشی، “کاتێک کەسێک دەبێتە پەرلەمانتار، ڕاستە مووچەکەی زیاددەکات، بەڵام ئەرکە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکانی زیاتردەبن، بۆیە نەخێر، پەرلەمانتاران بەو مووچەیەی کە وەریدەگرن دەوڵەمەند نابن”.
جەختیشی كردەوە، بەشێکی زۆری ئەو پەرلەمانتارانەی لەسەر گەندەڵی دەستگیرکراون، لەناو حزبەکاندا خاوەنی شوێنکەوتەی زۆرن و بەشێکیشیان لە لیژنەی دەستپاکی بوون.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە پڕۆسەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە عێراق ژمارەیەك بەرپرس و پەرلەمانتاری پێشوو و ئێستا دەستگیر كراون، كە خاوەنی چەندین ملیۆن دۆلار و دەیان ملیار دینار و بڕێكی زۆر زێڕ و چەندین ئۆتۆمبێلی گرانبەها بوون.
